لە ئیستەنبووڵ کەسێک هاوژین و سێ منداڵەکەی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ  
 
لە ئیستەنبووڵ کەسێک بە دەمانچە، هاوژین و سێ منداڵەکەی خۆی دەکوژێت و دواتر هەوڵی خۆکوشتن دەدات، بەڵام سەرناگرێت و بە سەختی بریندار دەبێت.
 
نیوەشەوی رابردوو، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، کەسێک بەناوی ئۆزگور نایمان، تەمەن 33 ساڵ، بە دەمانچە سێڤیلای نایمان، تەمەن 40 ساڵ و منداڵەکانی چنار، هێزدار و بوغرا لەنێو ماڵی خۆیدا لە گەڕەکی حاجی ئەحمەد لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە ئیستەنبووڵ کوشت و دواتر لە هەوڵی خۆکوشتنیدا بەسەختی خۆی بریندار کرد. 
 
بەهۆی دەنگی تەقەوە، دراوسێکانی ئۆزگور نایمان پەیوەندییان بە پۆلیس کرد و ژمارەیەکی زۆر ئەمبووڵانس چوونە شوێنی رووداوەکە و دوای شکاندنی دەرگاکە، تەرمی چوار کەس لەناو ماڵەکەدا دۆزرایەوە و باوکەکەش بەسەختی بریندار ببوو. بەخێرایی گواسترایەوە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێری چڕدا چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستیی ناجێگیرە. 
 
هەرچەندە هۆکاری سەرەکیی پشت ئەم رووداوە نەزانراوە، بەڵام لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا دەرکەوت، ئۆزگور نایمان نزیکەی کاژێرێک پێش کوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانی، لە تۆڕی ئێکس پۆستێکی کردبوو. تێیدا ئاماژەی بەوەدا بوو، کە لە ژیان زۆر بێزارە و دونیا شوێنێکی ئارام نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ تێیدا بژی و نادادپەروەرییەکی زۆر لە هەموو روویەکەوە لە ئارادایە. 
 
لە بەشێکی پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "هیچ کێشەیەکم لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانم نییە، ئەوانم زۆر خۆش دەوێت، بەڵام نامەوێت دوای من ژیانێکی پڕ نەهامەتی بژین، بۆیە لەم ژیانە رزگاریان دەکەم و دوای ئەوانیش منیش کۆچی هەمیشەیی دەکەم و خۆم دەکوژم. لەوەش دڵنیابن کە هیچ کێشەیەکی مادی و مەعنەویم لەم ژیانەدا نەبووە."