دەمیرتاش: هێرشە تیرۆریستییەکەی شەقامی ئیستقلال بە نەفرەت دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵی بە هێرشێکی "تیرۆریستی" ناوبرد و "بە نەفرەتی" کرد.
دوای تەقینەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-11-2022ی شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبووڵ، سەلاحەدین دەمیرتاش کە ئێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنەیە، تویتێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد. لە بەشێکی تویتەکەی دەمیرتاشدا هاتووە: "هەر کێ بە هەر ئامانج و هۆکارێک ئەمەی کردبێت، هەر هێرشێک خەڵکی سڤیل بکاتە ئامانج، لەڕووی یاسایی، ئەخلاقی و ویژدانییەوە تیرۆرە و هەرگیز قبووڵی ناکەین."
دەمیرتاش هەروەها لە بەشی دووەمی تویتەکەیدا دەڵێ: "ئەو هێرشە تیرۆریستییەی شەقامی ئیستقلال بە نەفرەت دەکەم کە بە ئاشکرا خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج. داوای رەحمەتی خوا بۆ ئەوانە دەکەم کە گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشی لە کەسوکاریان دەکەم. هەروەها هیوای شیفا بۆ برینداران دەخوازم."
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-11-2022 تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ روویدا. بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە بوو کە پشووی هەفتەیە، شەقامی ئیستقلال قەرەباڵختر بوو لە رۆژانی ئاسایی.
هەروەها، پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە تویتێکدا تەقینەوەکەی سەرکۆنە کرد و "نیگەرانی و خەمباریی" بۆ تەقینەوەکە راگەیاند و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خەڵک کرد.