تورکیا لەبارەی ئازادکردنی عوسمان کاڤالا وەڵامی یەکێتیی ئەوروپا دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا "هەڵەیەکی مێژوویی"یان کردووە بەو راسپاردە و بڕیارەی دوێنێ سەبارەت بە تورکیا پەسندی کرد.
ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا رۆژی پێنجشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2023 رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو مانگی یەکی ساڵی 2024 عوسمان کاڤالا ئازاد نەکرێت، بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەوەی مافی دەنگدانی شاندی تورکیا لە ئەنجوومەنەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 13ـی تشرینی یەکەم، راگەیێندراوێكی سەبارەت بەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا بڵاوکردەوەو دەڵێت، ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا "هەڵەیەکی مێژوویی" کردووە بەو راسپاردە و بڕیارەی رۆژی 12ـی تشرینی یەکەمی 2023 سەبارەت بە تورکیا پەسندی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، "بەم دەستپێشخەرییە، ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا پرۆسەی دادوەری بۆ سیاسەت بەکاردەهێنێت و هەوڵدەدات کەناڵەکانی گفتوگۆ دابخات. ئەمەش دژی ئەو بەها دیموکراسیانەیە کە هۆکاری ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا پێکدەهێنن."
عوسمان کاڤاڵا بازرگان و چالاکڤانی تورک لە ساڵی 2017ـەوە بەتۆمەتی ''رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016، ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' خراوەتە زیندانەوە.
هەرچەندە لە 18ـی شوباتی 2020، لە دۆسیەی پارکی گەزی بڕیاری بێتاوانیی درا، بەڵام لە دۆسیەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016 بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. چەندین جار دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردووە.
کەیسی عوسان کاڤالا، لەلایەن بەرپرسانی ئەورووپاوە بە جدی چاودێری دەکرێت. ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی 5ـی نیسانی 2021، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، کە لەگەڵ چارلز میشێل، سەرۆکی کۆنسەی یەکێتیی ئەورووپا لە ئەنقەرە دوای دیداریان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، سەبارەت بە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و عوسمان کاڤالا گوتی، "مافی مرۆڤ دانوستاندنی لەسەر ناکرێت و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی دەمیرتاش و کاڤالا روونن. تورکیا وەکو ئەندامێکی دامەزرێنەری کۆنسەی ئەوروپا، گرنگە پابەندی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ببێت."
جگە لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکاش لە مانگی شوباتی 2022 داوای دەستبەجێ ئازادکردنی عوسمان کاڤالای کردبوو.
تێد رایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی نووسراودا (لە رۆژی 10-2-2021)، رایگەیاند پێویستە ئەنقەرە رێز لە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بگرێت و دەستبەجێ عوسمان کاڤاڵا ئازاد بکات.
لە راگەیێنراوەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتبوو، "ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ کاڤاڵا و هێشتنەوەی لە زیندان و یەکخستنی دۆسیەکانی لە دادگا، هەروەها دواخستن لە بەئەنجام گەیشتنی کەیسی دادگاییکردنەکەی، زیان بە سەروەری یاسا و دیموکراسی لە تورکیا دەگەیێنێت."
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە تورکیا کردبوو پابەند بێت بە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و بەشێوەیەکی روون و دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا بڕیارێکی خێرا بدات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەستبەجێ وەڵامی داواکاریییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند کەس بۆی نییە فەرمان بە دادگاکانی تورکیا بکات.
حامی ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رۆژی 11ـی شوباتی 2021 لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، "لە 28ـی تەمموزی 2020ـدا وەڵامی داواکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکامان داوەتەوە لەبارەی ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵا." ئاکسۆی گوتی، "تورکیا دەوڵەتی یاسایە و هیچ کەس و دەوڵەتێک بۆ نییە لەبارەی قۆناخەکانی دادگاییکردندا فەرمان بە دادگاکانی تورکیا بکات."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ ـیش لە تەمموزی 2020دا داوای لە تورکیا کرد کاڤاڵا ئازاد بکات، لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەمریکا بۆی نییە فەرمان بداتە دادگاکانی تورکیا.
تورکیا 18ـی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری تورکیا بێت، دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو خۆی جێبەجێ بکات.