مەراڵ ئاکشەنەر: دەسەڵات لەگەڵ ئیمراڵی دەستی بەدیدار کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەینێکی تەلەڤزیۆنیدا، مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکانیان "دەسەڵات لەگەڵ ئیمراڵی دەستی بە دیدار کردووە."
مەراڵ ئاکشەنەر لە هەڤپەیڤینێکدا هێرشی کردە سەر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و رایگەیاند، زانیارییان هەیە، "دەسەڵات لەگەڵ ئیمراڵی" دەستی بەدیدار کردووەتەوە. ئاکشەنەر گوتی: "ئامۆژگاریم بۆ بەڕێز باخچەلی، واز لە هۆنینی تۆمەت بێنە بۆ ئیی پارتی و ئاگاداری هاوبەشەکەت ببە. زانیاریمان هەیە هاوبەشە دەسەڵاتدارەکەت لەگەڵ ئیمراڵی دەستی بەدیدار کردووە. سبەی یان دوو سبەی هاوشێوەی نامەکەی 31ی ئادار لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ، نامەیەک دەخەنە بەردەمت و تۆش دەبێ بەو نامەیە رازی بیت. لە ئێستاوە پێتڕادەگەیێنم پاسا و بیانووی چاک بدۆزەوە بۆ ئەوەی ئەوکاتە شپرزە نەبیت لە وەڵامی میدیاکاندا."
لەبارەی کێشەی هەدەپە و ئیی پارتی، مەراڵ ئاکشەنەر رایگەیاند: هەڵوێستی پارتەکەمان بەرامبەر هەدەپە روون و ئاشکرایە. بەڵام ئەوەی لەم چەند رۆژە روویدا پیلانێکی دەسەڵات بوو دۆخەکەی بەلاڕێدا برد و کارەکەی بەئەندازەیەک هەڵکشاند جنێو و بێڕێزی بەرامبەر بە دەنگدەری کورد کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد: "کاتێک باس لە هەڵوێستمان دەکەین بەرامبەر هەدەپە، دەستبەجێ باس لە شەش ملیۆن دەنگدەری ئەو پارتە دەکرێت. بەر لە هەموو شتێک ئێمە رێزی بێ پایانمان بۆ ئەم شەش ملیۆن دەنگدەرە هەیە. دەنگدەر ئازادە دەنگ بە کام لایەنی سیاسیی دەدات. گرنگ ئەوەیە ئێمە بتوانین دەنگی دەنگدەرانیان بۆ خۆمان رابکێشین و دەنگ بە ئێمە بدەن."
سەرۆکی ئیی پارتی رەتیکردەوە هیچ کاتێک بێڕێزییەکی بە کورد کردبێت و ناشیکات، ئاکشەنەر دەڵێت: "دەسەڵات هەمیشە ئەم جۆرە سیاسەتە دەکات بۆ ئەوەی کێشەی قووڵ لە نێوان ئێمە و کورد دروستبکات. بەڵام دەنگدەری کورد زۆر لەمە داناتر و چاوکراوەترن و شارەزاترن کە گوێ بە پڕوپاگەندەی دەسەڵات بدەن یان فریو بدرێن."
ئاکشەنەر گوتیشی، "دەسەڵات دەیەوێت لە رێگەی هەدەپەوە بۆ کێشە پەلبکێشێت و بەردەوام ئەوە بەگوێی خەڵکدا دەدات، کە شەش لایەنی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن لە راستیدا حەوت لایەنە بە هەدەپەوە، کە ئەمە دوورە لە راستی و تەنیا شەش لایەنی سیاسیین."
لەبارەی بوونی کێشە لەنێو ریزەکانی ئەو شەش لایەنە سیاسییەدا، مەراڵ ئاکشەنەر رایگەیاند: دەسەڵات لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ لە رێگەی میدیاکانییەوە سڵ لە درۆ ناکات. ئێمە هاوپەیمانیی جمهوور نین، تەنیا لایەنێک قسە بکات و بڕیار بدات. ئێمە لە بچووکترین بابەت تاوەکو دەگاتە هەستیارترین بابەت، کۆک دەبین و پێکەوە بڕیار دەدەین.