فرۆشی خانووبەرە لە تورکیا کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە 7 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا فرۆشی خانووبەرە لە باکووری کوردستان و تورکیا کەمیکردووە. بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لەو ماوەیەدا 672 هەزار و 162 خانوو و شوقە فرۆشراون. کەمترین خانوو و شوقە لە پارێزگاکانی ئەردەخان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان فرۆشراون.
دامەزراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی ئاب، ئاماری فرۆشی خانووبەرەی بۆ حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی داتا بڵاوکراوەکان، لە تەمموزی ئەم ساڵدا 127 هەزار و 88 خانوو و شوقە لە باکووری کوردستان و تورکیا فرۆشراون و بەو جۆرەش فرۆشی خانووبەرە لەو مانگەدا بەراورد بە هەمان مانگی پار 16٪ زیادیکردووە. بەڵام کاتێک ئامارەکە دەگاتە سەر 7 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، فرۆشی خانووبەرە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 0.5٪ کەمیکردووە.
لە تەمموزدا زۆرترین خانوو و شوقە لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئانتالیا فرۆشراون. لە ئیستەنبووڵ 19 هەزار و 47 خانوو و شوقە، لە ئەنقەرە 11 هەزار و 364 خانوو و شوقە، لە ئانتالیا 6 هەزار و 659 خانوو و شوقە فرۆشراون. کەمترینیش لە پارێزگاکانی ئەردەخان و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان فرۆشراون، بە جۆرێک لە ئەردەخان 61 خانوو و شوقە و لە جۆلەمێرگیش 64 خانوو و شوقە فرۆشراون.
لە تەمموزی ئەم ساڵدا خانووی فرۆشراو بە بیانییەکان بەراورد بە هەمان مانگی پار 16.1٪ کەمیکردووە. لەو مانگەدا 2 هەزار و 350 خانوو و شوقە بە کەسانی بیانی فرۆشراون. هاوڵاتیانی بیانی زۆرترین خانوویان لە ئەنتالیا، ئیستەنبووڵ و مێرسین کڕیوە؛ لە ئانتالیا 878 خانوو و شوقە، لە ئیستەنبووڵ 752 خانوو و شوقە و لە مێرسین 218 خانوو و شوقە لەلایەن کەسانی بیانییەوە کڕدراون.
لە تەمموزدا هاووڵاتیانی رووسیا بە کڕینی 485 خانوو و شوقە لە پلەی یەکەم، هاووڵاتیانی ئۆکڕاینا بە کڕینی 171 خانوو و شوقە لە پلەی دووەم، هاووڵاتیانی ئەڵمانیاش بە کڕینی 162 خانوو و شوقە لە پلەی سێیەم دێن.
بەشێکی زۆر لە بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا خانوو و شوقە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکڕن. هەر کەسێکی بیانی 400 هەزار دۆلار وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا بکات یان موڵکێک بکڕێت و بۆ 3 ساڵ نەیفرۆشێت وڵاتینامەی پێ دەدرێت.