وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی شەممە 13ی ئابی 2022، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، سەربازێکی وڵاتەکەی بەناوی عومەر باخرا لە میانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ کوژراوە. 
 
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 49 سەرباز.
 
کوژرانی سەربازەکە لە کاتێکدایە، رووبەڕووبوونەوەکان لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی سوپای تورکیا لە بەرزاییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەردەوامە.  
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوی رۆژی 12ی ئابی 2022دا بڵاویکردەوە، سێ گەریلا لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانجی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، بەڵام زانیاری زیاتری لەوبارەوە نەداوە. 
 
ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگەش رۆژی 12ی ئابی 2022 بڵاویکردەوە، حەوت سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ بەدەستی گەریلاکانی پەکەکە کوژراون و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی 18ی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 315 گەریلا و کوژرانی 49 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی هەزار و 554 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 77 گەریلای راگەیاندووە.