هاوسەرۆکی دەم پارتی سەردانی ئەڵمانیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێک ئەمڕۆ سەردانی ئەڵمانیا دەکات، شاندێكی پەرلەمانتارانی پارتەکەش سەردانی نەمسا دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رایگەیاند، لە رۆژانی 13 و 15ی ئایار تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی سەردانی ئەڵمانیا دەکات و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتەکەشیان سەردانی نەمسا دەکەن بۆئەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ سیاسەتڤانان و دامەزراوە دۆستەکانیان بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەبرو گونای، یاریدەدەری سەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی یاوەریی هاوسەرۆکی پارتەکەیان بۆ سەردانەکەی ئەڵمانیا دەکات.
هەر لەو رۆژانەدا شاندێكی پەرلەمانتارانی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە گولجان کاچماز و حەققی ساروهان ئۆڵوچ بەهەمان مەبەست سەردانی نەمسا دەکەن.