عومەر ئۆجەلان: دوو ساڵە ئاگاداری تەندروستیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نین
رووداو دیجیتاڵ
برازایەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە ئێستا پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ـیە لە تورکیا و بەربژێری پارتی چەپی سەوزە لە رووها بۆ هەڵبژاردن، دەڵێت: وەک خانەوادەی ئۆجەلان، دوو ساڵە ئاگاداری تەندروستیی نین و دەوڵەت رێگەنادات سەردانی بکەن.
عومەر ئۆجەلان بەربژێری یەسەپەیە لە رووها، کە گەورەترین شاری باکووری کوردستانە و ژمارەی دانیشتووانەکەی دوو ملیۆن و 170 هەزار و 110 کەسە و ژمارەی دەنگدەرەکانی ملیۆنێک و 219 هەزار و 445 دەنگدەرە و خاوەنی 14 کورسییە لە پەرلەمانی تورکیا، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە لەلایەن نوێنەر فاتیح پێشکێش دەکرێت گوتی: دۆخی ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018، چونکە ساڵی 2018 کورد بڕوای بە پرۆسەی ئاشتی هەبوو کە ئاکپارتی بانگەشەی بۆ دەکرد، بەڵام دوای سەرکەوتنی هەدەپە، دەوڵەت پرۆسەی ئاشتی تێکدا، بۆیە بەهۆی دۆخی ئابووریی و سیاسییەوە هاونیشتمانییان دەنگ بە AKP نادەن لەم هەڵبژاردنەدا و بڕواش بە بەڵێنەکانی ئەو پارتە ناکەن.
بەهێزترین کێبڕکێ لە گەورەترین شار
ئەگەرچی زۆرینەی دانیشتووانی رووها وەک گەورەترین شاری باکووری کوردستان، کوردن و بەپێی داتاکان 30٪ عەرەب و 10٪ تورکمانی تێدا دەژی، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لەکۆی 14 کورسی پشکی پارێزگاکە لە پەرلەمانی تورکیا، 8 کورسی بەدەستهێنا و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) تەنیا 4 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام بە گوتەی عومەر ئۆجەلان، لەم هەڵبژاردنەدا راپرسییەکان دەریدەخەن کە پارتی چەپی سەوز، سەروو 6 کورسی بەدەستدەهێنێت و چاویان لەوەیە زۆرینەی کورسییەکان ببەنەوە و گوتی: ئێمە چاومان لەوەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا زۆرینەی پەرلەمانی تورکیا بەدەستبهێنین.
بەربژێرەکەی YSP پێیوایە، " ئەردۆغان بە دەنگی کورد بوو بە سەرۆککۆمار و بە دەنگی کوردیش لادەبرێت."
"ئاگاداری ئۆجەلان نین"
عومەر ئۆجەلان کە برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانە، لەبارەی مامیەوە دەڵێت: دوو ساڵە ئێمە وەک خانەوادەی ئۆجەلان، هیچ ئاگاداری تەندروستیی نین و دەوڵەت رێگە نادات چاومان پێی بکەوێت.
پێشتریش پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی نووسینگەکەیان، نووسینگەی یاسایی سەتە، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدابوو لە رۆژی 27ـی نیسانی 2020ـەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی ئۆجەلان دەستنەکەوتووە و دوایین چاوپێکەوتنیشی کە لەگەڵ پارێزەرەکانی ئەنجامیداوە، رۆژی 7ـی ئابی 2019 بوو.
لە 14ی ئاداری 2021دا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی تەندروستیی ئۆجەلان هەندێک هەواڵ بڵاوکرانەوە و دوای ئەوەش پارێزەرەکانی بە فەرمی داوای چاوپێکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئۆجەلان کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی، بەڵام داواکەیان رەتکرایەوە و لەوکاتەشەوە رێگە بە سەردانی نەدراوە.