ئاکپارتی و هوداپار لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێكی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی لە ئەنقەرە سەردانی پارتی دۆزی ئازاد-هوداپار دەکەن.
عەبدوڵڵا ئاسڵان، بەرپرسی راگەیاندنی هوداپار و یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی ئاداری 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە کاژێر 16:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای سەرەکیی هوداپار لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت.
هوداپار رۆژی یەکشەممە، 12ـی ئاداری 2023، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، کاژێر 15:00ـی رۆژی دووشەممە 13 ـی ئادار شاندێكی ئاکپارتی سەردانی بارەگای پارتەکەیان دەکەن.
بە گوتەی عەبدوڵڵا ئاسڵان، کۆبوونەوەکە کاژێرێک دواخراوە و لە کاژێر 16:00 دا شاندەکەی ئاکپارتی سەردانیان دەکەن.
شاندەکەی ئاکپارتی پێکهاتووە لە نوعمان کورتوڵموش، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی و عەلی ئیحسان یاڤوز، سەرۆکی کاروباری هەڵبژاردنی ئەو پارتە.
هوداپار ئاماژەی بەوەدا، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندەکەی ئاکپارتی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدەدەن.
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەدەچن، رۆژەڤی سیاسەت لە باکووری کوردستان و تورکیا گەرم بووە.
هوداپار لە 11ـی ئاداری 2023دا رایگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵ پاڵپشتی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن.
پارتی دۆزی ئازاد ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداری لە چوار هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی 2018 دا نزیکەی 200 هەزار دەنگی بەدەستهێنا.