مەترۆپۆل: دەم پارتی سێیەمە لەسەر ئاستی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامی دوایین راپرسیی کۆمپانیای مەترۆپۆل (Metropoll) کە مانگانە لە تورکیا راپرسی دەکات، پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی یەکەم و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی سێیەمن لەسەر ئاستی تورکیا.
کۆمپانیاکە رۆژی دووشەممە، 12ـی شوباتی 2024، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر ئەنجامی ئەو راپرسییەی بڵاوکردووەتەوە، کە لە رۆژانی 12-15ـی کانوونی دووەمی 2024 لە 28 پارێزگا بە بەشداری هەزار و 565 کەس کراوە.
راپرسییەکەی مەترۆپۆل تایبەتە بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە 31ـی ئاداری 2024ـدا بکرێت، کۆمپانیا لە بەشداربووانی راپرسییەکەی پرسیوە: "ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بکرێت دەنگ بە کام پارت دەدەیت؟"
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکە، پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی یەکەمە، پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە دووەمە و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی سێیەمە.
رێژەی دەنگی پارتەکان
ئاکپارتی: 34.6٪
جەهەپە: 25.1٪
دەم پارتی: 10.3٪
ئیی پارتی: 10.1٪
مەهەپە: 9٪
پارتی زافەر: 3.2٪
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ : 1.9٪
پارتی کرێکارانی تورکیا: 1.3٪
پارتی مەملەکەت: 0.6٪
ئەوانی دیکە: 3.9٪
بەراورد بە ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەکانی 14ـی ئایاری 2023 بێت، ئاکپارتی، دەم پارتی و ئیی پارتی دەنگەکانیان زیادیکردووە و هەریەک لە جەهەپە، مەهەپە و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ دەنگەکانیان کەمیکردووە.