لە ئامەد حەوت کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە و کەجەکە دەستگیردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگەی ئامەد حەوت کەسە بە تۆمەتی ئەندامێتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ن و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) خرانە زیندانەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی والی ئامەد، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی شوباتی 2022 هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگاکانی ئامەد و مێردینی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ و ئەنتاڵیای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی 19 کەس دەستپێکردووە.
ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی فەرماندەیی جەندرمەی ئامەد بووە، دوای ئەوەی دەرکەوتووە ئەو 19 کەسە لە چوارچێوەی رێنوێنی و فەرمانی کاربەدەستانی پەکەکە و کەجەکە کاریان کردووە. پارێزگای ئامەدیش ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکە بووە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا لەو 19 کەسەی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرکراوە، 16 یان دەستبەسەرکران.
دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان 11 کەسیان درانە دادگە. لەو ژمارەیە حەوت کەس بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە و چوار کەسەکەی دیکەش بە مەرجی دادی ئازاد کران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لێکۆڵینەوە لەگەڵ پێنج کەسەکەی دیکە بەردەوامە.