تورکیا: ئەو فڕۆکە ئەمریکییەی درۆنێکی خستینە خوارەوە لە ئوردنەوە فڕیوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەتیدەکاتەوە ئەو فڕۆکە ئەمریکییەی لە رۆژئاوای کوردستان درۆنێکی تورکیای خستە خوارەوە لە بنکەی ئینجرلیک فڕیبێت.
زەکی ئاکتورک، راوێژکاری رۆژنامەڤانی و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، گوایە ئەو فڕۆکە ئەمریکییەی درۆنێکی تورکیای لە رۆژئاوای کوردستان خستە خوارەوە، لە ئینجیرلیکەوە فڕیبێت.
زەکی ئاکتورک ئەو دەنگۆیانەی بە 'گریمانە' وەسفکرد و لە وەڵامی پرسیاری "فڕۆکەکە لە کوێوە فڕیوە؟" گوتی، فڕۆکەکە لە ئوردنەوە فڕیوە.
تورکەر ئەرتورک، فەرماندەی دەریاوانی خانەنشینی تورکیا، پێشتر لە پەخشی راستەوخۆی هالک تیڤیدا ئاماژەی بەوە دابوو، فڕۆکەی ئێف 16ی ئەمریکی کە فڕۆکەی UCAV ی تورکیای خستە خوارەوە، لە بنکەی ئاسمانیی ئینجیرلیک لە ئادانای تورکیا فڕیوە.
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رۆژی پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2023 رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا تێبینییان کردبوو کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، درۆنەکانی تورکیا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چەند هێرشێکیان کردووە و بەشێکیان لە سنووری "ناوچەی قەدەخەکراودا" بوون لە نزیک حەسەکە، کە نزیکەی کیلۆمەترێک لە سەربازانی ئەمریکییەوە دووربوون. بە خەمڵاندنی فەرماندە ئەمریکییەکان، ئەو درۆنە کە بۆ مەودای کەمتر لە نیو کیلۆمەتر لە هێزەکانی ئەمریکاوە نزیکبووەوە، هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو بووە و لە ئەنجامدا فڕۆکە ئێف 16 جەنگییەکان وەکو خۆپارێزییەک درۆنەکەیان خستە خوارەوە."
رۆژی هەینی، شەشی تشرینی یەکەمی 2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، خستنەخوارەوەی ئەو درۆنە کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان نەبووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2023 رەخنەی لە بوونی سەربازی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گرت و گوتی: "لە سووریادا ئەمڕۆ زیاتر لە 20 بنکەی ئەمریکا هەن. لە سووریادا بنکەکانی ئەمریکا چی دەکەن؟ بەداخەوە ئەمریکا یەکێک لە درۆنەکانی تورکیای خستە خوارەوە. ئایا تورکیا ئێستا هاوبەشی ئەمریکا نییە لە ناتۆدا؟ ئایا پێکەوە نین؟ چۆن ئەمە روون بکەینەوە؟ بەداخەوە ئەمریکا راهێنان بە سەرجەم رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات، پێیاندەگەیێنێت و پڕچەکیان دەکات، بەداخەوە چ لە سووریا بێت یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو شوێنانە دەکاتە گۆمی خوێن."