دیسک: لە باکووری کوردستان و تورکیا 8.7 ملیۆن کەس بێکارن
رووداو دیجیتاڵ
کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ ناسراو بە دیسک رایگەیاند، "لە تورکیا هەشت ملیۆن و 700 هەزار کەس بێکارن". بەڵام بەپێی ئاماری داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا، ژمارەی بێکاران کەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەیە کە دیسک رایگەیاندووە.
ئەو کۆنفیدراسیۆنە رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، راپۆرتێکی لە ژێر ناوی "ئاسۆی بێکاری و دامەزراندن" سەبارەت بە داتاکانی بێکاری بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، "لە و تورکیادا بێکاری لە 8.4 ملیۆنەوە بۆ 8.7 ملیۆن کەس زیادیکردووە".
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ژمارەی بێکاران کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێناسە کراوە، دوای پەتای کۆرۆنا دوو ملیۆن و 136 هەزار کەس زیادیکردووە.
بەپێی داتاکان، لە تەممووزی 2023ـدا، بەرزترین ئاستی بێکاری لە نێو ژناندا بووە و رێژەکەی 31.1٪ بووە. دووەم بەرزترین ئاستی بێکاری لە نێو ژنانی گەنج بووە کە رێژەکەی 23.1٪ بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە نێوان مانگی تەممووزی 2023 تا ئەیلوولی 2023 کەلێنی نێوان رێژەی بێکاری کە بە تەسک و بەرفراوان پێناسە کراوە 13.3 خاڵە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دەستەی ئاماری تورکیا رۆژی دووشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2023، ئامارەکانی لەبارەی بێکاری و هێزی کار بۆ مانگی تەممووزی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی بێکاران لە مانگی تەممووزدا بەراورد بە مانگی حوزەیران 38 هەزار کەس کەمیکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 291 هەزار کەس، هەروەها رێژەی بێکاری 0.2٪ کەمیکردووە و لە مانگی تەممووزدا بووەتە 9.4٪.
رێژەی بێکاری لەنێو گەنجان کەمیکردووە. رێژەی بێکاریی ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 24 ساڵە بەراورد بە مانگی حوزەیران بە رێژەی 0.3٪ کەمیکردووە و بووەتە 18٪.
لە تورکیا و باکووری کوردستان لە مانگی تەممووزدا 318 هەزار کەس هەلیکاریان بۆ رەخساوە و بە گشتی هەلیکار بۆ 31 هەزار و 671 هەزار کەس دەستەبەر کراوە.