پەرلەمانی تورکیا لێکۆڵینەوەی لە کۆمەڵکوژییەکانی مادماک و باشباغڵاری رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی تورکیا و بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانی، پێشنیازی لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی مادماک و باشباغڵار رەتکرایەوە.
رۆژی پێنجشەممە 11ی تەممووز پێشنیازی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکانی مەدیماک و باشباغلار خرایە دەنگدانەوە، پارتی سەعادەت و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی، پشتیوانیی پێشنیازەکەیان کرد، بەڵام بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە رەتکرایەوە.
گورسەل ئەرۆڵ، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی خارپێتی باکووری کوردستان رایگەیاند، کۆمەڵکوژیی مادماک کۆمەڵکوژییەک بوو لە دژی عەلەوییەکانی نیشتەجێی تورکیا و باوەڕی عەلەوییەکان.
ئەرۆڵ گوتی، "ئەگەر ئێمە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیمان دەوێت و خەمی ئەوەمان نەبێت کە ئەم رووداوانە دووبارە ببنەوە، ئەم بکوژانەی مادماک دادگایی بکەن، مەهێڵن خۆیان لەو تاوانە رزگار بکەن کە کردوویانە."
مستەفا کایا، پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت لە بازنەی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "کۆمەڵکوژییەکان بۆ چالاککردنی هێڵەکانی بوومەلەرزەی کۆمەڵایەتی کراون."
کایا گوتی، "لە تەواوی وێنەی کۆمەڵکوژییەکانی مادماک و باشباغڵار لە ساڵی 1993دا، دەبینین کە بۆ هاندانی خەڵکی وڵاتەکەمان لە دژی یەکدی کراون. هەر کەسێک لەپشت مادماک و باشباغڵارەوە بووبێت، دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت."
دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان پێشنیازەکە بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکەپە و مەهەپە رەتکرایەوە.
کۆمەڵکوژیی مادماک
لە 2ی تەممووزی 1993دا کۆمەڵکوژییەک لە شاری سێوازی باکووری کوردستان روویدا، کە دانیشتووانەکەی هەم عەلەوی و هەم سوننە مەزهەبن.
ئەوکات کۆمەڵە عەلەوییەکان و شاعیر و رۆشنبیر و نووسەرەکانیان بەنیاز بوون بەشداری لە فێستیڤاڵی پیر سوڵتان عەبداڵدا بکەن.
رۆژێک پێشتر لە رێگەی چاپەمەنییەکانەوە بانگەشەیەک دژیان کرا. رۆژی دووەم هۆتێل مادماک، کە ئەو کەسایەتییە عەلەوییانەی تێدابوو، گەمارۆ درا و ئاگر لە هۆتێلەکە بەردرا.
کۆمەڵکوژییەکەی سێواز لەلایەن ئیسلامییە پەڕگیرەکانەوە کرا؛ بەهۆیەوە 37 کەس گیانیان لەدەستدا، کە 33یان رۆشنبیر و شاعیر و نووسەری عەلەوی بوون، دووانیان کارمەندی هۆتێلەکە بوون و دووەکەی دیکەشیان لە هێرشکارەکان بوون.
کۆمەڵکوژیی باشباغڵار
کۆمەڵکوژیی باشباغڵار رۆژی 5ی تەممووزی ساڵی 1993 لە گوندی باشباغڵاری سەر بە شارۆچکەی کەمالییە لە پارێزگای ئەرزینگان-ی باکووری کوردستان روویدا. لەو کۆمەڵکوژییەدا 33 هاونیشتمانی سڤیل کوژران و گوندەکە لەلایەن پەکەکەوە ئاگری تێبەردرا.
لەو کاتەدا پەکەکە رایگەیاند، سووتاندنی ئەو گوندە، وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی سێ رۆژ پێشتر لە مادماک کراوە. دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پەکەکە رایگەیاند، ئاگاداری رووداوەکە نەبووە، ئەو کارە لەلایەن بەرپرسێكی پەکەکە، کە نازناوی دکتۆر باران بووە، کراوە.