دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا: ئامادەکارییەکان کۆتاییان هاتووە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت، ئامادەکارییەکانیان تایبەت بە هەڵبژاردنی 14ـی ئایار کۆتایی هاتووە و هەموو رێوشوێنێکی پێویستیشیان گرتووەتەبەر.
 
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رۆژی هەینی، 12-5-2023، لە ئەنقەرە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هەموو رێوشوێنێک گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا بڕانی کارەبا و هێرشی ئەلیکترۆنی روونەدات. دەستەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا هەموو رێوشوێنێکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچن".
 
یەنەر ئەوەشی خستەڕوو کە دابەشکردنی پسووڵەکانی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و گوتی، لەم هەڵبژاردنانەدا بۆ یەکەمجار دەنگدەرانی نابینا خۆیان بە تەنیا و بێ هاوکاریی کەسانی دیکە دەتوانن دەنگبدەن؛ باسی لەوەش کرد کە لە یاساکانی تایبەت بە هەڵبژاردندا بنەماکانی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاریکراون.
 
یەنەر روونیکردەوە کە هاوئاهەنگییەکی زۆر باش لەنێوان دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان و چاودێرانی سەر سندووقی لایەنە سیاسییەکان هەیە و پێکەوە واژۆیان لەسەر میکانیزمی کاری هاوبەش کردووە؛ بەو جۆرەش هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵبژاردنەوە تاوەکو کۆتاییهاتنی دەنگدان، گواستنەوەی سندووقەکان بۆ کۆگەکان و بڵاوکردنەوەی داتاکان پێکەوە کاردەکەن. 
 
سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا، ئەحمەد یەنەر رایگەیاند، تۆماری دەنگدەران نوێ کراوەتەوە و دەزانن چەند هاووڵاتی لەو ناوچانەدا هەن و چەندیان کۆچیان کردووە بۆ پارێزگاکانی دیکە. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە؛ 24 پارتی سیاسیی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان.
 
لە تورکیا، دوو هاوپەیمانیی رکابەر هەن کە ئەوانیش هاوپەیمانیی جمهوور و هاوپەیمانیی میلـلەتن. هاوپەیمانیی جمهوور لە ئاکپارتی، مەهەپە، هوداپار، پارتی یەکێتیی مەزن و پارتی یەنیدەن رەفاهـ پێکی دەهێنن. هاوپەیمانیی میلـلەت پارتەکانی جەهەپە، ئیی پارتی، سەعادەت، ئاییندە، دەڤا و پارتی دیموکرات پێکی دەهێنن. 
 
هەدەپە کە لەسەر لیست و لۆگۆی پارتی چەپی سەوز - یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، لە نێو هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکانە، بەڵام لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا پشتگیریی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت دەکات.