حکومەتی تورکیا سەردانی وەزیری بەرگری بۆ هەولێر تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵات کۆدەبێتەوە. یەکێک لەو بابەتانەی تاوتوێ دەکرێت، سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیایە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆبوونەوەکە کاژێر 14:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی شوباتی 2024 بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان لە ئەنقەرە دەستپێدەکات.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی حکومەتدا، چەند پرسێکی نێوخۆیی تاوتوێ دەکرێن، وەکو بەرزیی رێژەی هەڵاوسان و جێبەجێکردنی میکانیزمی گونجاو بە مەبەستی کەمکردنەوەی.
ئەوەی پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەوە هەیە، چەند پرسێکی جێگەی سەرنج دەبن، لەوانە سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.
رۆژی 06-02-2024 یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر، ئەوەش دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.
وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی 07-02-2024 لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەی حکومەتی تورکیادا سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ میسر و پرۆسەی کڕینی فڕۆکەی ئێف 16 لە ئەمریکا تاوتوێ دەکرێت. بڕیارە رۆژی 14ی مانگ ئەردۆغان بچێتە میسر.
پێشبینی دەکرێت دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت، ئەردۆغان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز بکات و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە بە رای گشتی رابگەیەنێت.