گوتەبێژی ئەردۆغان: دەستبەرداری سیستمی بەرگریی S400 نابین
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا رایگەیاند، وێڕای سزاکانی ئەمریکا، دەستبەرداری سیستەمی بەرگریی S400ی رووسی نابێت، بەڵام لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆ لە رێگەی گفتوگۆوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە دەدات.
مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، واشنتن لە بەرامبەر کڕینی سیستەمە رووسییەکە لەلایەن ئەنقەرەوە، سزای بەسەر تورکیادا سەپاند، چونکە بەردەوام پێیوابووە سیستەمەکە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر فڕینی فڕۆکەی F35 و لەگەڵ سیستەمە بەرگرییەکانی ناتۆدا ناگونجێت. تورکیا ئەو پاساوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت سیستەمە رووسییەکە کارناکاتە سەر سیستەمە بەرگرییەکانی ناتۆ.
دوای هەڵبژاردنی جۆ بایدن بە سەرۆکی ئەمریکا، تورکیا رایگەیاند دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن باشتر بکات و دووبارە پێشنیازی کردەوە، پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا گرووپێک بۆ کارکردن لەسەر سیستەمی S400ی رووسی پێکبێنن، بەڵام واشنتن بەردەوام ئەوەی رەتکردووەتەوە و دەڵێت تاوەکو تورکیا دەستبەرداری ئەو سیستمە رووسییە نەبێت، سزاکانی لەسەر لانابات.
میدیای تورکیا رایگەیاند کە وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە گوتوویەتی ئەنقەرە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ واشنتن، پێشنیازی ئەوەی بۆ دەکات کە بۆ ئەو پرسە پشت بە "مۆدێلی کریت" ببەسترێت.
ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەیدا رایگەیاند، قسەکانی وەزیری بەرگری لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ کراوە.
هەروەها کاڵن باسی لەوە کرد ئەنقەرە و واشنتن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لە گفتوگۆدان، بەڵام ئەوەشی روونکردەوە ئەوان پێشبینی ناکەن هیچ چارەسەرێکی بەپەلە بدۆزرێتەوە.
گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە: "ئەمریکا تاوەکو ئێستا دەڵێت لە بارەی سیستەمی S400 بەشداری هیچ دانوستاندنێک ناکات. تورکیا پشت لە سیستەمی S400 ناکات. کاتێک، کە لە روانگەیێکی دروستەوە تەماشای وێنە ستراتیژییەکە دەکەین، پێمانوایە دەتوانین بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێین."
ئەمریکا تورکیای لە پڕۆگرامی دروستکردن و هاوبەشیکردنی فڕۆکەی F35 دوورخستەوە کە ئەنقەرە تێیدا وەکو پیشەسازکار و کڕیار رۆڵی دەگێڕا، ئەوەش هەر بەهۆی کڕینی سیستەمە رووسییەکە.
تورکیا دەڵێت ئەوان هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان لە ناتۆوە پێنەگەیشتووە، بۆیە ناچاربووە پەنا بۆ سیستەمە رووسییەکە ببات.
هەفتەی رابردوو، لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا، گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا بە جەیک سولیڤانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکای گوتبوو پێویستە کێشەی سیستەمی S400 چارەسەربکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، کاڵن بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند لەگەڵ جەیک سولیڤان رێککەوتوون لە چەند رۆژی داهاتوودا جاریکی دیکە قسە بکەنەوە بۆ تاوتوێکردنی ناکۆکییەکانیان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆ دەکەن.
تورکیا و ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک پرس کێشەیان هەیە، لەوانەش کڕینی S400ی رووسیا، سیاسەتی تورکیا لە سووریا، رادەستنەکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن و سزکانی ئێران و رۆڵی هاڵک بانک.