ئەردۆغان: کاری لە پێشینە پاککردنەوەی سنوورە بەقووڵایی لانیکەم 30 کیلۆمەتر
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماریی تورکیا رایگەیاند، لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا باس لەو ئۆپەراسیۆنە کراوە کە تورکیا دەیەوێ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) ئەنجامی بدات.
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022، ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین ئەنجامدا. بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماریی تورکیا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بابەتە هەرێمییەکان تاوتوێ کراون، لەنێویشیاندا وزە، پەیوەندیەکانی تورکیا-رووسیا، رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە و "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، بە هەوڵی هاوبەش توانیویانە تائێستا زیاتر لە 13 ملیۆن تۆن دانەوێڵە بگەیێننە شوێنی مەبەست. ئەوەشی خستەڕوو کە لە چوارچێوەی رێڕەوی گواستنەوەی دانەوێڵە دەتوانن دەست بەکارکردن بکەن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی خۆراکی و کاڵای جۆراوجۆر.
ئەردۆغان هیوای خواستووە لە کورتترین ماوەدا جەنگی نێوان رووسیا - ئۆکراینا کۆتایی پێبێت و باسی لەوەش کردووە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە باکووری سووریا بەردەوامن لەسەر کردە "جوداخوازییەکانیان و هێرشە تیرۆریستییەکانیان" کە تورکیا دەکەنە ئامانج.
لەبارەی مەبەستی تورکیا لە ناوچەکەدا ئەردۆغان بە پووتینی گوتووە، "کاری لە پێشینە لە یەکەم پلاندا ئەوەیە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ رێککەوتنی سۆچی 2019، سنوور بەقووڵایی لانیکەم 30 کیلۆمەتر لە هەسەدە پاکبکرێتەوە."
ئەمە لەکاتێکدایە، کۆشکی کرملین راگەیێندراوی فەرمیی لەبارەی ئەم راگەیێندراوەی کۆشکی کۆماریی تورکیا بڵاونەکردووەتەوە.
تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان، بەڵام تائێستا گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و رووسیای بۆ دانەگیرساوە و بە پێچەوانەوە، هۆشداریی پێدراوە لەوەی ئۆپەراسیۆنێکی لەم جۆرە زیان بە سەقامگیریی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی داعش دەگەیێنێت.
تورکیا سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا. ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەززاز سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن. تورکیا باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
هەروەها رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی "چڵەزەیتوون" لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە ماوەی 58 رۆژ بەرگرییان لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی گرووپێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.