بەرپرسێکی ئیی پارتی: دەمیرتاش شەش مانگی دیکە ئازاد دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، کە پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی راستڕەوە، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شەش مانگی دیکە سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد دەکرێ.
لوتفی تورککان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا بەر لە سەردانەکەی بۆ ئازەربایجان لەناکاو پرسێکی وروژاند، ئەویش بابەتی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بوو، کە بە "تیرۆریست"ی ناساند و باسی لەوە کرد دڵنیایە دادگاکانی تورکیا دەرفەتی ئازادبوونی پێنادەن.
تورککان وەک ئاماژە بۆ گوشاری ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەبارەی پرسی کوردەوە راگەیاند، من گومانم لە قسەکانی سەرۆککۆمار هەیە، چونکە ئەو کەسێکە پێچەوانەی قسەکانی خۆی رەفتار دەکات، دەبینن شەش مانگی دیکە سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی ئیی پارتی روونیکردەوە، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە ئەردۆغان کرد، قەشە برۆنسنی ئازاد کرد لە کاتێکدا لە گوتارەکانیدا ئەو قەشەیەی بە تیرۆریست دەناساند و دەیگوت، تاوەکو من لە دەسەڵات بم، قەشە برۆنسن ئازاد ناکرێ، کەچی بینیمان ئازادکرا. بەهەمانشێوە ئەنگیلا مێرکل گوشاری خستە سەر ئەردۆغان، دەسبەجێ رۆژنامەڤان دەنیز یوجەل هاووڵاتی بەڕەچەڵەک تورکی خاوەن وڵاتینامەی ئەڵمانی ئازاد کرد. لە کاتێکدا دەنیز یوجەل سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرابوو.
گوتیشی، دەسەڵاتی ئاکپارتی بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا، دەمیرتاش ئازاد دەکات. لەوە دڵنیام، ئەوەی گومانیشی هەبێت، با لە گووگڵ بە دوای شەرمەزارییەکانی ئەو دەسەڵاتە لە سنووری خابووردا بگەڕێت.