وەزیری ناوخۆی تورکیا: رێگە بە هەدەپە نادەین ملیمەترێک رێپێوان بۆ ئۆجەلان بکات
رووداو – هەولێر
وەزیری ناوخۆی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا بە تەنزەوە باس لە هەڵوێستی هەدەپە بەرامبەر پەکەکە دەکات و دەڵێت: هەدەپە هەمیشە رەخنە لە پەکەکە دەگرێت و بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناوی دەبات و دان بەوەدا دەنێت کە پەکەکە زیان بە تورکیا دەگەیێنێت.
سلێمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2022، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی رێپێوانی هەدەپە لە ئیستەنبووڵ، بە تەنزەوە لەبارەی هەڵوێست و دید و بۆچوونی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە قسەی کرد.
سلێمان سۆیڵو بە تەنزەوە رایگەیاند: "بە قسەکانی پەروین بوڵدان بێت پەکەکە ئەم هەموو مرۆڤەی نەکوشتووە و مێردمنداڵی تەمەن خوار 18 ساڵی بۆ قەندیل نەڕفاندووە. هەدەپە-ش پارتێکە بایەخ بە مافی مرۆڤ و ئازادییەکان دەدات و هیچ پەیوەندییەکیان بە موراد قەرەیڵان و جەمیل بایکەوە نییە."
باسی لەوەشکرد، کە راگەیاندن و روونکردنەوەکانی موراد قەرەیڵان و جەمیل بایک-یان خوێندەوە و بینییان چۆن سووکایەتیی بە سیاسەتڤانانیان دەکەن. هەروەها بەئاشکرا بینییان لە نێو پەیامەکانیاندا چۆن رێنماییان پێدەدەن و وەبیریان هێنانەوە کە هەدەپە لەژێر سێبەری ئەواندان.
سۆیڵو هەر بە تەنزەوە رایگەیاند، بە قسەی پەروین بوڵدان بێت، هەدەپە گوڵ و گوڵستانە و لە خەمی ژینگە و مافی مرۆڤ و ئازادییەکاندایە و هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە و خۆیشیان ناوە ناوە دووپاتی دەکەنەوە، خۆزگە گوێمان لەم رستەیە دەبێت. دەرەنجام هەدەپە هەمیشە رەخنە لە پەکەکە دەگرێت و راشکاوانە دەڵێن پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و زیان بە تورکیا دەگەیێنێت.
راشیگەیاند، ژیان بۆ پەروین بوڵدان زۆر خۆشە، ئەو پێیوایە دەوڵەتێکی خراپ هەیە و خراپەکاری دەوڵەت لە رێگەی پۆلیس و جەندرمە و سوپا دەردەکەوێت. ئەوان پاکترین مرۆڤەکانی ئەم دنیایەن رووبەڕووی خراپترین مرۆڤەکانی جیهان دەبنەوە، کە ئێمەین.
پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە رۆژی یەکشەممە 9ی تشرینی یەکەم بەبۆنەی 24 ـەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا لە چەند شارێکی باکووری کوردستان و تورکیا رێپێوانی کرد. دواتر ژمارەیەک لەوانەی بەشداریان لە رێپێوانەکان کردبوو. لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
وەزیری ناوخۆی تورکیا هۆشداری دایە هەدەپە و گوتی "رێگە بە هەدەپە نادەین ملیمەترێکیش رێپێوان بۆ ئۆجەلان بکەن."
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی قسەیەکی عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری هەدەپە کە لە کاتی رێپێوانەکەدا کە بە هێزە ئەمنییەکانی گوتبوو: "رۆژێک دادێت ئێمە سیستەمی خۆمان دادەڕێژین و ئێوەش پابەندی دەبن و ئێمە ئێوە بەڕێوەدەبەین" رایگەیاند، ئەم بەناو پەرلەمانتارەی "هەدەپەکەکە"، هەڕەشە لە پۆلیس دەکات. بێگومان ئەمانە بەفیتی جەهەپە دەکرێت. ئەم جۆرە کەسانە بەناوی پەرلەمانتارەوە شکۆی پەرلەمان لەکەدار دەکەن.