حکومەتی ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات لە تورکیادا هۆشیارانە مامەڵە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات لە تورکیادا هۆشیارانە مامەڵە بکەن.
وەزارەتەکە لە ماڵپەری فەرمی خۆی راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە تورکیا دەکات لە بابەتەکانی ئازادیی رادەربڕین، بەکارهێنانی سۆشیاڵمیدیا و بەشداریکردن له چالاکییه سیاسییەکاندا هۆشیار بن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "ئەو دەربڕین و چالاکیانەی بەپێی یاسای ئەڵمانیا له چوارچێوەی مافی رادەربڕیندان، رەنگە ببنە هۆی سزادانتان (لە تورکیا). هەربۆیە لە چالاکییە سیاسییەکان و گردبوونەوەکان خۆتان بەدوور بگرن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باس لەوە دەکات، "ئەو هاووڵاتیانەی پێشتر دەیانتوانی بێ هیچ کێشەیەک لە وڵاتدا هاتووچۆ بکەن، بەهۆی تۆمەتی پێشوو یان تۆمەتێکی نوێ، دەتوانرێت سەرلەنوێ دەستگیربکرێنەوە."
لە درێژەی هۆشدارییەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ، "لە زۆربەی بەدواداچوونەکاندا ئەو لایەنانەی بە رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن کراون، (بۆ نموونە پەکەکە و گولەنییەکان) گومانی بانگەشە و پشتگیری و ئەندامێتییان لێدەکرێت. هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لیستێکی وردی ئەو کەسانەیان لایە کە لە ئەڵمانیا دەژین و دەکرێت ئەو کەسانە بێ لێکۆڵینەوەی سەرەتایی ورد، رووبەڕووی رێوشوێنی هێزە ئەمنییەکان ببنەوە."