سەرۆکی جەماعەتی تەوحید لە تورکیا ئازادکرا
رووداو دیجیتاڵ
خالس بایانجوک، سەرۆکی جەماعەتی تەوحید ناسراو بە 'ئەبو حەنزەلە' لە تورکیا ئازادکرا، بەبێ ئەوەی هۆکاری ئازادکردنەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت.
رۆژی دووشەممە، 10ـی تەممووزی 2023 پرۆسەی دادگاییکردنی خالس بایانجوک، سەرۆکی جەماعەتی تەوحید ناسراو بە 'ئەبو حەنزەلە' بەڕێوەچوو کە بە تۆمەتی "دامەزراندن و سەرکردایەتیکردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار" سزای 12 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە دانیشتنەکەی دادگەدا بریاری ئازادکردنی 'ئەبو حەنزەلە' درا، کە لە زیندانی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکرابوو.
ئەو دۆسیەیەی 'ئەبو حەنزەلە' تێیدا سزا درابوو، رۆژی 28ی کانونی یەکەمی 2022 لە دانیشتنێکدا لەلایەن دادگەی باڵا ی تورکیا هەڵوەشایەوە.
دادگەی باڵا بڕیاریدا سێ دۆسیەی 'ئەبو حەنزەلە' بکاتە یەک دۆسیە.
حاجی بایانجوک باوکی 'ئەبو حەنزەلە' ساڵی 1992 وەک بەرپرسی باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا لە تورکیا دەستگیرکرا. بە تۆمەتی ئەوەی بەرپرسی حیزبوڵڵا بووە و پلاندانەری کوژرانی گافار ئۆککان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئامەد بووە، سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
خالس بایانجوک لە بنەڕەدا خەڵکی گوندێكی چەولیگی باکووری کوردستانە و ساڵی 1984 لە ئامەد لەدایکبووە.
ساڵی 1998 لە ئامەد بووە. بۆ خوێندن لە زانکۆی ئەزهەر چووەتە میسر. دوای نزیکەی پێنج ساڵ مانەوە لە میسر گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا و ساڵی 2007 دا کاتێک لە تورکیا بوو، لەلایەن کاربەدەستانی میسر چوونی بۆ ئەو وڵاتە قەدەخە کرا.
پاشان لە شارۆچکەی باغجڵار و بایرامپاشای ئیستەنبووڵ دەستی بە گفتوگۆ کرد بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی بە تێگەیشتنی سەلەفی لە دەوری خۆی.
لە لایەکی دیکەوە سایتی "TevhidDersleri.org"ـی دامەزراند و گۆڤاری Tevhid ـی بڵاوکردەوە. بۆ ئەوەی لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بگاتە جەماوەرێکی زۆر، کەناڵێکی یوتیوبی بە ناوی "ئەبو حەنزاڵە هۆجا" کردەوە.
ئەبو حەنزەلە، پێشتر چەند جارێک لە تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی قاعیدە و داعش دەستگیرکراوە و ساڵی 2021 بە تۆمەتی "دامەزراندن و سەرکردایەتیکردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار" سزای 12 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.