دەم پارتی رێپێوانێكی سێ رۆژەی بەرەو جۆلەمێرگ دەستپێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی دژی دانانی قەییوم بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ "رێپێوانی دیموکراسی" بەرەو ئەو شارە دەستپێکردووە و بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت. رۆژی یەکەمی رێپێوانەکە 10ـی حوزەیران لە شارۆچکەی شەمزینان سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی حوزەیران لە دووەم رۆژی رێپێوانەکەدا، بەشداربووانی رێپێوانەکە لە شارۆچکەی گەڤەر دوای لێدوانێكی رۆژنامەڤانی لە کاژێر 11:00دا دەچنە گوندەکانی شارۆچکەکە و دواتر بەرەو شارۆچكەی چەلێ بەڕێدەکەون.
ئەم رێپێوانە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانە بۆ گردبوونەوە گەورەکەی جۆلەمێرگ کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 13 حوزەیران بکرێت.
ساروهان ئۆڵوچ پەرلەمانتاری دەم پارتی لە یەکەم رۆژی رێپێوانەکەدا لە شەمزینان گوتارێکی پێشکەشکرد و بە خەڵکی ناوچەکەی گوت، "حکومەت جارێكی دیکە دەیەوێت قەییوم دەستنیشان بکات. ئەوان دەیانەوێت، تاوەکو ئەو کاتەی لە دەسەڵاتدا بن، لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوەبچن کە خۆیان دەستنیشانی دەکەن نەک ئەوانەی کە ئێوە هەڵیاندەبژێرن".
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رۆژی یەکشەممە 9ـی حوزەیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند، کاژێر 15:00ی رۆژی پێنجشەممە 13ـی حوزەیران لە جۆلەمێرگ دژی دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی شارەکە گردبوونەوەیەکی جەماوەری رێکدەخەن.
داوای لە هەموو ئەو هاووڵاتیانە کرد کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بۆ ئەو گردبوونەوەیە گەورەیە، کە لە ناوەندی شار بەڕێوەدەچێت لەو شوێنانەی لێی دەژین بە فڕۆکە، پاس، ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە بەڕێ بکەون و لەو رۆژەدا بەشداری لە گردبوونەوەکەدا بکەن.
دەم پارتی پێیوایە سیاسەتی قەییوم پوچەڵ بووەتەوە و دوایین پەلەقاژەی دەسەڵاتە، بەو هۆیەوە لە دژی دانانی قەییوم رۆژی هەینی 14ـی حوزەیرانیش لە شاری مێرسینی تورکیا گردبوونەوەیەکی هاوشێوە رێکدەخەن.
رۆژی دووشەممە 3ـی حوزەیران بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ لەسەر کار لادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ بە قەیوم لە شوێنی دانرا.
رۆژی چوارشەممە 5ی حوزەیران پرۆسەی دادگاییکردنی ئاکش بەڕێوەچوو و لە چوارچێوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان-کەجەکە بە 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا.