سولەیمان سۆیڵو: دەیانەوێ دوای رۆیشتنی ئەردۆغان سەرباز لە باکووری عێراق و سووریا بکشێننەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نێوخۆی تورکیا کە بەربژێری ئاکپارتییە لە بازنەی دووەمی ئیستەنبووڵ، شەوی رابردوو 10-5-2023 رایگەیاند، ئێستا لە قەندیل تەنیا 84 کەس ماون، مانگی 10 ئەوان و ئەوانەی عێراق و سووریاش لەنێودەبەن.
 
لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دەزگای قەرەدەنیز، سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لە بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و گوتی "لەم وڵاتەدا لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتدا شوێنی وەها هەبوو، کە نەدەتوانرا بۆی بچن، شوێنی وەها هەبوو دوای کاژێر 4ـی ئێوارە دەبوو دووکانەکانی دابخرێن، بەڵام ئەمڕۆ تورکیایەک هەیە کە بە 81 پارێزگاوە هیچی لە ئەوەی دیکە جیاواز نییە".
 
وەزیری نێوخۆی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد "ئێستا چۆن لە ئیزمیر دایکێک لەگەڵ رۆڵەکەی دەگەڕێ، بە هەمانشێوە لە ئامەد و شرناخیش بێ کێشەن". هەروەها رایگەیاند، پێشتر "سەرانەیان لە خەڵک وەردەگرت و منداڵی 9 ساڵانیان دەڕفاند بۆ شاخ، بەڵام ئەمڕۆ ناتوانن ئەم کارانە بکەن". 
 
سۆیڵو هەروەها لەبارەی دانانی قەیووم بۆ شارەوانییەکانی پارتی دیموکراتی گەلان  (هەدەپە)، گوتی "ئەو شارەوانییانە هەموویان پارەیان بۆ تیرۆر دەستەبەر دەکرد. ئەو باجەی دەوڵەتمان بە ئەوانی دەدا، بە گوللـە دەدرا لە دژی سەربازانمان بەکاردەهات. بەیانییەک بەڕێز سەرۆککۆمارمان بانگی کردم، ئەوکاتە تازە ببوومە وەزیری نێوخۆ. گوتی سولەیمان من ناتوانم بەرگەی ئەم کارە بگرم. دەبێ هەموو ئەوانە لە ئەرکەکانیان دوور بخەیتەوە. من چاوێکم دەویست، تەییب ئەردۆغان دوو چاوی پێدام. ئەوە بوو دواڕۆژ هەموویانمان لادا. رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات ئارامیی بینی. ئیدی پارە بۆ رێکخراوی تیرۆرستی ناڕوات، بەڵکو لە وەبەرهێنان بۆ خەڵکی ناوچەکە خەرج دەکرێت".
 
ئەم گوتانەی سولەیمان سۆیڵو سەبارەت بە شارەوانییەکان لەکاتێکدایە، لە دۆسیەی سەرۆک شارەوانییە لەکارلادراوەکانی باکووری کوردستاندا، هیچ بەڵگەیەکی روون نییە سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ قەندیل. 
 
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 31ی ئاداری 2019 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا شارەوانییەکانی سێ گەورەشار، پێنج شار، 45 شارۆچکە و 12 شارەدێی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی 65 شارەوانی. دەسەڵاتی ئاکپارتی بە سێ قۆناخ قەیوومی لەسەر نزیکەی 50 شارەوانیی هەدەپە دانا.
 
 
دەقی گوتەکانی سولەیمان سۆیڵو، وەزیری نێوخۆی تورکیا
 
لە شاخ سێ هەزار کەس هەبوون. ئێستا 84 کەس ماونەتەوە. هەموومان رێکخراوی تیرۆرستی لە باکووری سووریا و باکووری عێراق دەبینین، مەبەست لەمە لاوازکردنی تورکیایە. بۆ ئەوەی رۆژێک بێت رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا کە بەشی دانەبڕاوە، بخەنە ئاستی خەونەکانی خۆیان. ئەگەر خوا بیکات 29-10-2023 لە 100 ساڵەی کۆماردا 84 تیرۆریستی شاخەکان سفر دەبنەوە و لە چیاکانی تورکیادا یەک تیرۆرستیش نامێنێت. لە باکووری سووریا و باکووری عێراقدا هێندەی نووکی دەرزییەکیش پەناگەی ئەو تیرۆرستانە نامێنێت کە ساڵانێکە بوونەتە بەڵای سەری ئێمە. ئەوانەی دەڵێن تەیب ئەردۆغان بڕوات، سەربازانمان لە باکووری سووریا و باکووری عێراق دەکێشینەوە. واتا دەڵێن ئەوێ رادەستی پەکەکە و پەیەدە و ئەمریکا دەکەین. ئەوانەی دەیانەوێ تەیب ئەردۆغان بڕوات ئاپۆ و سێلۆ ئازاد دەکەن.