دادگاییکردنی پەروین بوڵدان بۆ مانگی ئەیلوول دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە دۆسیەی سووکایەتیکردن بە دادگا و بێڕێزیی بەرامبەر دەستەی دادگا و داواکاری گشتیی بەڕێوەچوو، بەڵام بوڵدان بەشداری نەکرد و پارێزەرەکانی کەیسەکەیان گواستەوە دادگای دەستووری تورکیا. دادگاییکردنەکەشی بۆ مانگی ئەیلول دواخرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئایاری 2022 دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" بەبێ ئامادەبوونی ئەو، لە 18ەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو.
سەرۆکی دەستەی دادگا بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بوڵدان، خوێندنەوەی بۆ بەڵگەنامەکان کرد و دواتر مافی قسەکردنی بە پارێزەرەکانی دا.
پارێزەر کەنعان ماچۆغڵو، داوایکرد دۆسیەی دادگاییکردنەکە بوەستێنرێت، بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییەکەیان لەبارەی وەستاندنی دۆسیەی دادگاییکردنەکە رایگەیاند، پەنایان بردووەتە بەر دادگای دەستووری.
دەستەی دادگا دوای خستنەڕووی بۆچوونی داواکاری گشتی، رایگەیاند، دوای وەڵامدانەوەی دادگای دەستووریی لەبارەی داواکاری پارێزەران، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و بڕیاریدا بەدواخستنی دادگاییکردنەکە بۆ 15ی ئەیلوولی داهاتوو.
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2022، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی ئۆنور گەنجەر بکوژی دەنیز پۆیراز-ی ئەندامی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئیزمیر لە شەشەمین دادگای باڵای تاوانەکانی بایراکلیی ئیزمیر بەڕێوەچوو.
داواکاری گشتیی ئیزمیر بە تۆمەتی ئەوەى پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە دادگاکەدا گوتبووی: "ئەو کەسە لە منبج پەروەردە و راهێنانی پێکراوە. ئەندامی داعشە. ئێوە ناتوانن ئەوەندە بە ئارامی و بە ئاسوودەیی رەفتاری لەگەڵدا بکەن. دەبێت ئێوە وەک بکوژێک مامەڵەی لەگەڵ بکەن. بەپێچەوانەوە ئێوەش هاوشێوەی ئەو، بکوژن". بەپاساوی "گوتە و رەفتاری بۆ سوکایەتیپێکردن نیشانداوە" هەمان رۆژ سکاڵایەکی بۆ لێپێچینەوە لە دژی پەروین بوڵدان تۆمارکرد.
هەروەها سکاڵا لە دژی ئەو کەسانەش تۆمارکرا، کە دیمەن و وێنەی دانیشتنەکەى دادگایان تۆمار کردبوو.
داواکاری گشتیی کۆماریی ئیزمیر، دوای ئامادەکردنی دۆسیەی تاوان لە دژی پەروین بوڵدان، دۆسیەکەی گواستەوە داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە.