ئەردۆغان: برا کوردەکانمان رادەستی فاشیزمی جەهەپە و لەڕێگەدەرچوویی هەدەپە و ستەمی پەکەکە ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، کورد رادەستی جەهەپە، هەدەپە یانیش پەکەکە ناکەن و ئەوانی بە "فاشیزم و لەڕێگەدەرچوو" ناوبرد.
لە چوارچێوەی راگەیاندنی بەربژێرانی ئاکپارتی لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا باسی لە زۆر مژاری تایبەت بە رۆژەڤی تورکیا کرد و لەبارەی هەنگاوی ئەمجارەی پارتەکەی بەرەو هەڵبژاردن گوتی: "ئەمە گەشتێکە بەرەو 14ی ئایار دەچێت. بۆ 14ی ئایار ئامادەین. ئەگەر خودا ویستی لەسەر بێت، رۆژی 14ی ئایار، سندووقەکانی دەنگدان پڕ دەکەین و مزگێنی سەردەمی نوێ رادەگەیێنین".
ئەردۆغان: برا کوردەکانمان رادەستی فاشیزمی جەهەپە و لەڕێگەدەرچوویی هەدەپە و ستەمی پەکەکە ناکەین
لەبارەی دادگەری و سیستمی دادگەکان، ئەردۆغان رایگەیاند، سیستمێکی تۆکمەیان دامەزراندووە و گوتی: "هاوشێوەی ئێستا، لەمەودواش رێگە نادەین شێوازی ژیان و ناسنامە بەسەر هیچ چین و توێژێکی کۆمەڵگەدا بسەپێندرێت. لەگەڵ بەردەوامبوونمان لەسەر لادانی بەربەستەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراسیانە، چاوپۆشی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و دەسەڵات سەپێنەکان ناکەین. براکوردەکانمان رادەستی فاشیزمی جەهەپە یان لەڕێگەدەرچوویی هەدەپە یانیش ستەمی پەکەکە ناکەین؛ هەروەها رادەستی ئەو تاریکییەیان ناکەین کە لە رابردوودا نموونەی تاڵی و ئازاربەخشی بوو".
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەی بە گرنگ زانی کە ئاکپارتی لە سەردەمێکی وەها هەستیاردا وڵات بەڕێوەدەبات و رایگەیاند، هاوسەنگی جیهانیی سەرلەنوێ دادەمەزرێتەوە و ئاکپارتیش هێزێکی بە ئەزموون و خاوەن کاریگەرییە. گوتیشی: "تورکیا چارەیەکی دیکەی نییە جگە لە بەهێزبوون و بەهێز مانەوە و زیادکردنی هێزەکەی بۆ ئەوەی نەکەوێتەوە هەڵدێرە سیاسی و ئابوورییەکانەوە''.
ئەردۆغان: کاری لەپێشینەمان ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو دەبێت
ئەمە لەکاتێکدایە، هاوپەیمانیی میلـلەت کە شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆن پێکیدەهێنن، سیستمی سەرۆکایەتی رەتدەکەنەوە و بەڵێنیان داوە لە ئەگەری سەرکەوتنیان سیستمی پەرلەمانی بگەڕێننەوە. ئەردۆغان رەخنەی لێگرتن و گوتی: "ئەوانەی رەخنەی تووندیان لە سیستمی سەرۆکایەتی هەبوو، ئەمڕۆ بە بە شێوەی نەگونجاو، مامەڵە لەگەڵ سیستمی سەرۆکایەتی دەکەن. تاکە ئامانجیان ئەوەیە وەک سەردەمی تورکیای کۆن، سوود لە داواکاری و چاوەڕوانییەکانی خەڵک وەربگرن و بە ئامانجی خۆیان بگەن. خوا یار بێت هەڵبژاردنی 14ی ئایار باشترین ئەنجامی دەبێت و وڵاتەکەشمان لەو پەلکەزێڕینە تاریکولێڵەی ئۆپۆزیسیۆن رزگاری دەبێت".
یەکێک لەو بابەتانەی ئەردۆغان جەختی لەسەر کردەوە، ئەگەری سەرکەوتنی هاوپەیمانیی جمهوور و قۆناخی ئاییندەی تورکیا بوو و رایگەیاند: "بێگومان کاری لەپێشینەمان لە قۆناخی داهاتوودا، سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی ئەو شارانە دەبێت کە لە بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتدا زیانیان بەرکەوت. 650 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستدەکرێن کە 319 هەزاریان لە ماوەی یەک ساڵدا رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێن. بەم شێوەیەش برینی 11 پارێزگا کارەساتبارەکەمان چارەسەر دەکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پێشکەوتنی وڵاتەکەی لە کەتی پیشەسازیی بەرگری کردەوە و رایگەیاند: "هاوشێوەی ئەو پێشکەوتنەی لە پیشەسازی بەرگرییدا بەدەستهاتووە، لە سەردەمی نوێدا، توانای وڵاتەکەمان لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە کەرتی دەرمان و پزیشکیدا زیاد دەکەین".
ئەردۆغان: لە دەرەوەی سنوورەکانیشمان بەرەنگاری رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبینەوە
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە یەکێک لە گەورەترین دەستکەوت کە لە سەردەمی حکومەتەکانی ئاکپارتی بۆ تورکیا دەستیان خستووە، ئاسایشی وڵاتەکەیە و گوتی: "لە سەرووی هەموو دەسکەوتەکانمان ئاسایشی تورکیایە کە تێیدا هەموو هاووڵاتییەک بە ئارامی لە ماڵەکەیدا دەژی، کاری خۆی دەکات و منداڵەکەی دەنێرێتە قوتابخانە. بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانیشمان، هەروەها بە رێگریکردن لە چەتەکانی تاوان و بە شێوەیەک کە سازش لەسەر ئاسایش ناکەین، ئەوەمان فەراهەمکردووە کە خەڵک بتوانن بە ئاسایشەوە سەیری ئایندە بکەن. لە قۆناخێکدا کە جیهان و ناوچەکە رووبەڕووی تاقیکردنەوەی زۆر بوونەتەوە، تورکیا بە سەقامگیری دەهێڵینەوە و دەیکەینە دوورگەی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا".
لەبارەی دۆخی دارایی خەڵک و خانەوادە دەستکورتەکان، ئەردۆغان گوتی: "لە رێگەی سیستمی هاوکاریی خێزانەکانەوە ناهێڵین داهاتی هیچ خێزانێک لە ئاستێکی دیاریکراوەوە زیاتر دابەزێت. بانکێکی خێزان و لاوان دادەمەزرێنین کە سەرچاوەکەی لە داهاتی ئەو گازی سرووشتییە و نەوتەوە دەبێت کە وڵاتەکەمان بەرهەمی دەهێنێت. بە هێنانە خوارەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ تاک خانەیی، بە دڵنیایییەوە وڵاتەکەمان لەم کێشەیە رزگار دەکەین. لە بەرامبەر هەڵاوسانی ئابووریدا مووچەی سەرجەم کارمەندانمان لە فەرمانبەرەوە تا کرێکار و خانەنشین، زیاد دەکەین و ئاستی خۆشگوزەرانییان بەرز دەکەینەوە".
ئەردۆغان: رێژەی بێکاری بۆ 7٪ دادەبەزێنین
بێکاری و هەلی کار تەوەرێکی گوتەکانی ئەردۆغان بوو کە رایگەیاند: "له سایهى پلانی گهشهكردن بۆ پێنج ساڵى داهاتوو، شهش ملیۆن ههلى دامهزراندن دهڕهخسێنین و رێژهى بێكارى بۆ 7٪ دادهبهزێنین. لە قۆناخی داهاتووماندا ساڵانە 5.5٪ گەشەکردنی داهاتی نیشتمانیمان بۆ 1.5 تریلیۆن دۆلار و لە دوای ئەوە بۆ ئامانجی سەرەکیمان کە دوو تریلیۆن دۆلارە بەرزدەکەینەوە. بەردەوامدەبین لە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان و هەناردە تا ئەو کاتەی قەبارەی بازرگانی دەرەکیی وڵاتەکەمان دەگاتە یەک تریلیۆن دۆلار. لە قۆناخی داهاتوودا داهاتی تاکە کەس دەگەیەنینە 16 هەزار دۆلار و پاشان دەیگەیەنینە ئاستی بەرزتر''.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەدەچێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. هەروەها 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.