پارتێکی دیکە بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانیی میللەت لە هەڵبژاردنەکان کشایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

پارتی تورکیای مەزن (بەتەپە) بڕیاریدا بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانیی میللەت لە هەڵبژاردنەکانی 28مین خولی پەرلەمانیی تورکیا بکشێتەوە و پشتگیریی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو ئاشکراکرد.  
 
حوسێن باش، سەرۆکی پارتی تورکیای مەزن راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و کشانەوەی حیزبەکەی لە هەڵبژاردنەکانی 28مین خولی پەرلەمانیی تورکیا راگەیاند و جەختی لەوەکردەوە لەپێناو پاڵپشتیکردنی لە هاوپەیمانیی میللـەت کشاونەتەوە. 
 
حوسێن باش رایگەیاند: بۆ ئەوەی دەنگەکان پەرش و بڵاونەبنەوە گرنگە لەم دۆخە هەستیارەدا دەنگەکان کۆبکەینەوە و بە هاوپەیمانیی میللەتی بدەین. بەمەش دەتوانین زۆرترین کورسی بۆ بەرەی ئۆپۆزیسیۆن کۆبکەینەوە. هەروەها پێداگری لەوەشکرد کە ئەمە "ئەرکێکی ئەخلاقییە" و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی ناوەندیی پارتەکەیان ئەم بڕیارەیانداوە. 
 
باش روونیکردەوە، بۆ بەربژێری 13مین سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکەن و دەنگی پێدەدەن. تەواوی رێکخستنەکانی پارتەکەشی لەسەر ئەم بڕیارە کۆکن. 
 
سەرۆکی پارتی تورکیای مەزن لە راگەیێندراوەکەیدا باسی لەوەشکرد، کە بە فەرمی داواکاری کشانەوەی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنەکاندا، بە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا راگەیاندووە. 
 
بەمەش تەنیا 25 پارتی سیاسیی ناویان دەچێتە پسوولەی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا. 
 
رۆژی 7ی نیسانی 2023، نوێنەرانی هەریەک لە پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو، پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتیی تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو، پارتی دێڤا بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان و پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتیی گولتەکین ئویساڵ، سەردانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد و بەفەرمی کشانەوەی پارتەکانیان لە رکابەری هەڵبژاردنەکانی 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا پێشکێش کرد. 
 
ئەو چوار پارتەی هاوپەیمانی میللەت بە لیستی جەهەپە بەشداری لە هەر 81 بازنەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی دەکەن. بەربژێرەکانی خۆیان بەپێی رێژەی دەنگی پارتەکانیان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا دەستنیشان دەکەن، بەڵام بەناوی بەربژێرانی جەهەپە دەچنە هەڵبژاردنەکانەوە.  
 
ئامانج لەو هاوئاهەنگییەی ئەو چوار لایەنە سیاسییە بۆ ئەوەیە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنن و کەمترین دەنگ بەهەدەر بچێت و زۆرترین بەربژێر رەوانەی پەرلەمان بکەن. هەر بەپێی ئامانجی ئەم کارە، پێشبینی بەدەستهێنانی لانیکەم 200 کورسی دەکەن. لە بەرامبەردا جەهەپە لە سێ شارە گەورەکەی تورکیا وەک ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر کار بۆ سەرخستنی بەربژێرانی ئەم چوار پارتە دەکات بە رێژەیەکی دیاریکراو. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 
 
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 دەنگدەر هەن. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش لە دەرەوەی وڵات دەنگ دەدەن.