جەنگیز چاندار: بەمزووانە بەدیداری دەمیرتاش شاد دەبینەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانی بەناوبانگی تورک و بەربژێری پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە) بۆ پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بەمنزیکانە بە دیداری دەمیرتاش شاد دەبینەوە.
رۆژی 10ی نیسانی 2023، جەنگیز چاندار، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، بە هەردوو زمانەکانی کوردی و تورکی نووسیویەتی، "ئەمڕۆ رۆژی لەدایکبوونی سەلاحەدین دەمیرتاشی ئازیزە، ئەمە دوایین رۆژبوونیەتی لە زیندان، بەمزووانە بە دیداری شاد دەبینەوە."
ئەم پەیامەی جەنگیز چاندار دوای ئەوە دێت، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت بۆ پۆستی 13مین سەرۆککۆماری تورکیا لە بەڵێنێکی هەڵبژاردنیدا جەختی لەوەکردووەتەوە کە سەلاحەدین دەمیرتاش بێتاوانە و ناکرێ لە زیندان بمێنێتەوە و لە دەسەڵاتی ئەودا ئازاد دەکرێت.
جەنگیز چاندار لە ریزبەندی سێیەمی لیستی بەربژێرانی یەسەپە لە بازنەی ئامەد بۆ 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا بەربژێرکراوە.
رۆژی 8ی ئاداری 2023، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، لە کۆی 36 پارتی سیاسی، 26یان لیستی بەربژێرەکانیان بۆ پەرلەمانی تورکیا پێشکێش کرد. پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە) بە 490 بەربژێرەوە دەچێتە هەڵبژاردنەکان، وەک خۆیان دەڵێن: ئامانجیان بەدەستهێنانی لانیکەم 100 کورسییە.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 دەنگدەر هەن. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.