دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لیستی پارتە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ لیستی ئەو پارتە سیاسییانە بڵاودەکاتەوە کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان دەبێت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی ئاداری 2023، دووەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەڕێوەچوو. ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەکە رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ تایبەت دەبێت بە راگەیاندنی لیستی ئەو پارتە سیاسییانەی مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار دەبێت.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 122 پارتی سیاسیی مۆڵەتپێدراو هەن و تەنیا 28یان مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە.
بەشداریی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا کۆمەڵێک مەرجی هەیە. بەپێی ماددەی 36ـی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا، هەر پارتێکی سیاسی دوای وەرگرتنی مۆڵەت، پێویستە لانیکەم شەش مانگ پێش هەڵبژاردن کۆنگرەی بەستبێت؛ هەروەها لانیکەم لە 42 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا لقی رێکخستنەکانی شار و شارۆچکەکانی دامەزراندبێت و کۆنگرەی بۆ تەواوی لقەکان کردبێت و سەرۆکی لق و ئەندامانی ئەنجوومەنی رێکخستنەکانی بە هەڵبژاردن دیاری کردبێت و بارەگایان هەبێت.
جگە لە 28 پارتەکە، پارتەکانی دیکە ئەو مەرجانەیان نییە.
رۆژی 10ـی ئاداری 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وادەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیای راگەیاند و گوتی: "بڕیاربوو هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەمساڵ لە 18ـی حوزەیران بکرێن، بەڵام بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی ماددەی 116ـی دەستووری تورکیا وەک سەرۆککۆمار پێی داوم، بڕیارمدا هەڵبژاردنەکان لە رۆژی 14ـی ئایاری ئەمساڵ بکرێن".
بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا، دوو بەربژێر و سێ هاوپەیمانیی سەرەکی هەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە کە ئاکپارتی و مەهەپە و پارتی یەکبوونی مەزن پێکیانهێناوە. کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەتە کە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی دیموکرات، پارتی سەعادەت، پارتی ئاییندە و پارتی دێڤا پێکیانهێناوە.
هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیی کە لە هەدەپە، پارتی کرێکاری تورکیا، پارتی رەنجدەران، پارتی ئازادیی کۆمەڵگە، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم و رێکخراوی ماڵی خەڵک پێکهاتووە، تاوەکو ئێستا بەربژێری نییە و ئەگەری رێککەوتنیان لەگەڵ هاوپەیمانیی میلـلەت لە ئارادایە.