ئافاد: وزەی بوومەلەرزەکان هێندەی 500 بۆمبی ئەتۆمی بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بوومەلەرزە و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا رایگەیاند، وزەی بوومەلەرزەکانی تورکیا هێندەی وزەی 500 بۆمبی ئەتۆمیی بووە.
لە شەشەمین رۆژی بوومەلەرزەکەدا کە 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە، ئەمڕۆ شەممە 11ی شوباتی 2023، ئۆرهان تاتار لە بارەگای سەرەکیی دەزگای ئافاد رایگەیاند، بوومەلەرزەی یەکەم کە گوڕەکەی 7.7 پلەی رێختەر بووه و کاژێر 04:17 خولەک روویداوه، ماوەکەی 65 چرکە بووه. واتا بۆ ماوەی 65 چرکە کاریگەرییەکی وێرانکەری هەبوو. ماوەی بوومەلەرزەی دووەمیش 45 چرکە بووه بەهێزی 7.6 پلەی رێختەر. واتا بە گشتیی بۆ ماوەی نزیکەی دوو خولەک ناوچەکە زۆر بە جیدیی لە ئەنجامی دوو بوومەلەرزەکەدا هەژاوە.
ئۆرهان تاتار بە ئاماژەدان بەوەی لە سەنتەری چاودێری و هەڵسەنگاندنی بوومەلەرزە شیکاریی پەیوەست بە دوو بوومەلەرزە گەورەکە کراوە، گوتی: "ئەمەش بەو واتایە دێت، ئەو وزەیەی کە بوومەلەرزە 7.7 پلەکە دەریکردووە، هێندەی وزەی 500 بۆمبی ئەتۆمییە کە لەرەلەری شەپۆڵەکە کاریگەریی راستەوخۆی بەسەر 100 هەزار کیلۆمەتر دووجا هەبووە."
بەڕێوەبەری گشتیی بوومەلەرزە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان له ئافاد لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە چالاکبوونی گڕکانیی دەکەن دوای بوومەلەرزەکان، گوتی: "رووداوهكه جگه له جووڵهی بارستهیهكی بچووك كه دوای بوومهلهرزهكان زۆر جار دهیبینین، هیچی دیكه نییه. تێبینی هیچ رژان و خۆڵەمێشی گڕکانی، نەوت یان دەرچوونی گازمان لە ناوچەکەدا نەکردووە."
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی و کاژێر 12:43 خولەکی نیوەڕۆی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر بوو، کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 22 هەزار و 327 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار و 278 کەس بریندار بوون.