ناونانی چوارڕێیانێک بەناوی شێخ سەعیدی پیرانەوە لە ئامەد مشتومڕ دەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد وەڵامی مشتومڕەکان لەبارەی شێخ سەعیدی پیران دەداتەوە و دەڵێت، "شێخ سەعید زانا و رابەری بیروڕایە؛ با هیچ کەسیش کورد بە جوداخوازی تۆمەتبار نەکات."
لە باکووری کوردستان و تورکیا مشتومڕەکان لەسەر ناوی چوارڕیانی شێخ سەعید لە ئامەد بەردەوامن.
هەفتەی رابردوودا هەریەک لە پارتی زافەر و پارتی وەتەن چەند جارێک لێدوانیان لەبارەی ئەو چواڕیانە دا و دواتر بابەتەکە لە پەرلەمانیش قسەی لەبارەوە کرا؛ لقی ئامەدی رێکخستنەکانی پارتی کۆمیونیستی تورکیاش راگەیێندراوێكی لەو بارەوە بڵاوکردەوە.
تائێستا هیچ لێدوانێک لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)ـیەوە سەبارەت بەو بابەتە نەدرابوو، بەڵام گالیپ ئەنساریۆئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد لە لێدوانێکدا گوتی، "ناوی کەسانێکی وەک محەممەد ئوزون و جگەرخوێن کە بۆ کورد کەسایەتیی بەهادارن لە شەقامەکانی شارەکە نراون. ئەوە شتێکی زۆر ئاساییە."
ئەنساریۆئۆغڵو گوتی، "خودای گەورە چاکسازی لە رەگەزپەرستاندا بکات. شێخ سەعید ناوێکە کە لای هەمووان لە ناوچەکەدا گرنگە. رووداوێک لە ساڵی 1925 لە دیجلە دەستی پێکرد و کەسانێک بە یاخیبوون و کەسانێكی دیکەش بە دنەدانی دەزانن. شێخ سەعید زانا و رابەرێکی گەورەیە. با کەس کورد بە جوداخوازی تۆمەتبار نەکات؛ ئەوانە جوداخوازان کە دەیانەوێت بە بیرهێنانەوەی ئازارەکانی رابردوو، وڵات ببەنە نێو ئاژاوەوە. ئەم نیشتمانە زێدی کوردە نەک رەگەزپەرستەکان."
لە ساڵی 2014ـدا کاتێک عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئامەد بوو لەسەر لیستی دەبەپە، ناوی گۆڕەپانی داغکاپی گۆڕدرا بۆ گۆڕەپانی شێح سەعید. بەو پێیەی چوارڕیانەکە درێژەپێدەری گۆڕەپانی شێخ سەعیدە، ئەویش بە هەمان ناو ناونراوە.
شێخ سەعیدی پیران شۆڕشگێڕێکی گەورەی کورد بوو؛ ساڵی 1865 لەدایکبوو و ساڵی 1925 لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی لەسێدارەدان.