هوداپار داوا دەکات وڵاتینامەی تورکیا لەو ئیسرائیلیانە وەربگیرێتەوە لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە شەڕ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) داوا دەکات وڵاتینامەی تورکیا لەو هاووڵاتییانە وەربگیرێتەوە کە وڵاتینامەی ئیسرائیلیشیان هەیە و لە شەڕی غەززەدا بەشدارن.
 
زەکەریا یاپجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار کە پەرلەمانتاریشە، رۆژی سێشەممە 9ی تەممووز لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا پێشنیازی کرد، ئەو ئیسرائیلییانەی لە هەمان کاتدا وڵاتینامەی تورکیایان هەیە و لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە شەڕ دەکەن، وڵاتینامەی تورکیایان لێ وەربگیرێتەوە و ئەگەر دوای بانگەوازی "بگەڕێنەوە بۆ وڵات" لە سێ مانگدا نەگەڕانەوە، دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و موڵکیاندا لە تورکیا.
 
سەرۆکی هوداپار گوتی، "بەداخەوە هەزاران کەسی خاوەن وڵاتینامەی تورکیا بەشدارن لە تاوانی جینۆسایدی ئیسرائیلی زایۆنیستی لە غەززە. زانیاری لە چاپەمەنیدا بڵاوکراوەتەوە کە لانیکەم 4000 کەس کە هەڵگری پاسپۆرتی تورکیان، چوونەتە غەززە و چالاکانە بەشدارییان لە تاوانی جینۆسایددا کردووە."
 
یاپیجئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کردووە، جێگەی قبووڵکردن نییە ئەو کەسانە دواتر بگەڕێنەوە تورکیا وەکو ئەوەی هیچ رووی نەدابێت و درێژە بە ژیانیان بدەن.
 
لە نێوەڕاستی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا حکومەتی تورکیا ئیسرائیلی لە لیستی گەورەترین هەناردەکارانی وڵاتەکەی لابرد.
 
لە کۆتاییەکانی مانگی ئاداریشدا بەشێک لە ماڵپەڕەکان و هەژمارەکانی سۆشیاڵ میدیا لە تورکیا بانگەشەیان کرد کە گوایە تەقەمەنی، کەرەستەی سووتێنەر و پارچەی چەک لە تورکیاوە هەناردەی ئیسرائیل دەکرێت.
 
هەردوو وەزارەتی بازرگانی و بەرگریی تورکیاش راگەیێندراوی نووسراویان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا ئەو هەواڵانەی بە هەوڵدان بۆ چەواشەکردنی رای گشتی ناوبرد و وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاند، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل لەو بوارەوە نییە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتبوو، "کردە تووندوتیژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوامن و سوپای ئەو وڵاتە نەخۆشخانە، قوتابخانە، شوێنەکانی پەرستن، کەمپی ئاوارە و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج".
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردبوو، "کۆماری تورکیا کە هەمیشە پاڵپشتیی فەلەستین بووە، نابێت هیچ چالاکییەک بکات کە زیان بە فەلەستینییەکان بگەیەنێت. لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی هیچ چالاکییەکی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، لەوانەش راهێنانی سەربازی و هاوکاریی پیشەسازیی بەرگری".
 
پەیوەندیی تورکیا و ئیسرائیل بە دانپێدانانی تورکیا بە ئیسرائیل لە ئاداری ساڵی 1949 دەستیپێکرد، بەوەش بووە یەکەم وڵاتی زۆرینە موسڵمان دان بە ئیسرائیلدا بنێت. لە کانوونی دووەمی 1950 نوێنەرایەتیی تورکیا لە ئیسرائیل کرایەوە و کانوونی دووەمی 1980ش باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئیسرائیل کرایەوە.
 
بەڵام ئەو پەیوەندییانە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا پڕ بوون لە گرژی. لە 31ی ئایاری ساڵی 2010دا هەشت هاووڵاتیی تورکیا و هاووڵاتییەکی تورکی - ئەمریکی کوژران، ئەوەش کاتێك شەش کەشتی ویستیان گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بشکێنن. رووداوەکە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی گەیاندە لووتکە. تورکیا باڵیۆزی خۆی لە ئیسرائیل کشاندەوە و باڵیۆزی ئیسرائیلیشی لە ئەنقەرە دەرکرد. هەروەها تورکیا هاوئاهەنگییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت.
 
لە ئایاری ساڵی 2018 و دوای بڕیاری ئیدارەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەی بۆ قودس، ئەو پەیوەندییانە خراپتر بوون.
 
لە دوای ئەو رووداوە چەند جارێک هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان هەبووە، بەڵام جەنگی غەززە و ئیسرائیل دۆخەکەی گرژ کردەوە.