دەنگدانی هاووڵاتییانی تورکیایی لە دەرەوە و دەروازە سنوورییەکان ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
دەنگدانی هاووڵاتییانی تورکیایی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، کە لە رۆژانی نێوان 27ـی نیسان و 9ـی ئایار بەڕێوەچوو، ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەدەچێت و رۆژی سێشەممە (9-5-2023) بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات کۆتاییهات. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا ملیۆنێک و 798 هەزار و 505 هاووڵاتیی تورکیایی لە دەرەوە و دەروازە سنوورییەکان دەنگیان داوە کە ئەمەش ژمارەی پێوانەییە.
دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا لە 151 نوێنەرایەتی و 16 ناوەندی دەنگدان لە 73 وڵاتی جیاواز دەنگیان داوە؛ بە گشتی لە دەرەوەی تورکیادا 5 هەزار و 114 سندووق دانرابوون.
یاسین ئەکرەم سەریم، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا سوپاسی هاووڵاتییانی تورکیایی لە دەرەوە کرد و رایگەیاند "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە".
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی تورکیادا ملیۆنێک و 691 هەزار و 531 دەنگ دراون؛ لە دەروازە سنوورییەکان 125 هەزار و 479 دەنگ دراون. ئەمە لەکاتێکدایە پرۆسەی دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکاندا تا کاژێر 05:00ـی ئێوارەی رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت.