دادگەی ئەنقەرە لەبارەی دۆسیەی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 25ی نیسانی ئەمساڵ، لە ئەنقەرە دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و 46 هاوڕێی بەڕێوەدەچێت.
دۆسیەکە لەلایەن بارۆی ئامەد دژی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا تۆمار کراوە و تێیدا داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی دەکرێت.
کۆمەڵەی شێخ سەعید لە هەژماری سۆشیاڵ میدیای خۆی بڵاویکردەوە، "ئەو دۆسیەیەی کە لەلایەن کۆمەڵەی شێخ سەعید و بارۆی ئامەدەوە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی لە دادگەی پێنجی کارگێڕیی ئەنقەرە دژی وەزارەتی ناوخۆ تۆمار کرا، رۆژی 25ی نیسان بەڕێوەدەچیت."
ناهید ئەرەن، سەرۆکی بارۆی ئامەدیش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، "رۆژی 25ی نیسان دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو داوایەی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ بەناوی کۆمەڵەی شێخ سەعید و بارۆی ئامەد تۆمار کراوە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی بەڕێوەدەچیت. کورد کە ماوەی 98 ساڵە بەدواداچوون بۆ شوێنی گۆڕەکە دەکات، ناچار کراوە خەبات بۆ دادپەروەری بکات."
هەریەک لە بارۆی ئامەد، کۆمەڵەی پەروەردە و رۆشنبیری و هاوکاریی شێخ سەعید و قاسم فوراتی نەوەی شێخ سەعید، رۆژی 15ی شوباتی 2022 داواکارییان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کرد بۆئەوەی شوێنی گۆڕی شێخ سەعیدی پیران و 46 هاوڕێکەی ئاشکرا بکەن کە لە ساڵی 1925دا لە شاری ئامەد لەسێدارە دران، بەڵام وەزارەت وەڵامی داواکارییەکەی نەدانەوە. دوای ئەمەش لە 15ی نیسانی 2022 لە دادگەی پێنجی کارگێڕیی ئەنقەرە سکاڵایان تۆمار کرد.
دادگە سکاڵاکەی قبووڵ کردن و داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد "کۆپیی فەرمی لە سەرجەم بەڵگەنامەکان و زانیاری لەسەر شوێنی گۆڕی شێخ سەعید" بۆ دادگە بنێرن.