گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا لە 28ی ئایار دەبێت

رووداو – هەولێر 

دوای راگەیاندنی کاتی هەڵبژاردنی ئەمساڵی تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 10ی ئاداری 2023، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا هیچ بەربژێرێک نەیتوانی ببێتە سەرۆککۆمار، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە لە 28ی ئایار بەڕێوەدەچێت. 
 
لەبارەی کاتی دەستلەکارکێشانەوەی ئەو فەرمانبەرانەی کەرتی گشتی کە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی خۆیان بەربژێر دەکەن، ئەحمەد یەنەر گوتی، دەستلەکارکێشانەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ خۆ بەربژێرکردنیان لە هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ هەینی دەستپێدەکات و لە 16ی ئادار کۆتاییدێت. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 10ی ئاداری 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی بێشتەپەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازکرد. ئەردۆغان گوتی: "بڕیاربوو هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەمساڵ لە 18ی حوزەیران بکرێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی ماددەی 116ی دەستووری تورکیا وەک سەرۆککۆمار پێیداوم، بڕیارمدا هەڵبژاردنەکان لە رۆژی 14ی ئایاری ئەمساڵ بکرێت، بۆ ئەمەش واژۆم لەسەر بڕیارنامەکە کرد و سبەی شەممە 11ی ئاداری 2023، بڕیارنامەکە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاودەکرێتەوە". 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند، بەپێی رێکارەکان و دوای بڵاوبوونی بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمییدا، دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان لە ماوەی دوو مانگدا هەڵبژاردنەکانی 13مین سەرۆکایەتیی کۆمار و 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەبەن و گەل دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.  
 
بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە رۆژی 14ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دوو بەربژێر و سێ هاوپەیمانی سەرەکیی هەن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە کە ئاکپارتی و مەهەپە و پارتی یەکبوونی مەزن پێکیانهێناوە. کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میللەتە کە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی دیموکرات، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە و پارتی دێڤا پێکیانهێناوە. 
 
هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیی کە لە هەدەپە، پارتی کرێکاری تورکیا، پارتی رەنجدەران، پارتی ئازادی کۆمەڵگە، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم و رێکخراوی ماڵی خەڵک پێکهاتووە، تاوەکو ئێستا بەربژێری نییە و ئەگەری رێککەوتنیان لەگەڵ هاوپەیمانی میللەت لە ئارادایە.