یەکەمین پەیامی بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ

رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس یەکەمین پۆستی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەم پارتی ئیستەنبووڵ دەکاتە ناوەندی یەکسانی، لێبوردەیی و ئاشتی.
 
مەرال دانش بێشتاش لە پەیامەکەیدا کە بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "ئیستەنبووڵ؛ سەرحەدە، چوکورئۆڤایە، تراکیایە، بۆتانە، ئامەدە، هەرێمی دەریای رەشە، هەرێمی ئیجەیە و هەرێمی ئەنادۆڵە."
 
مەرال دانش بێشتاش هەروەها نووسیویەتی "ئیستەنبووڵ دەکەینە ناوەندی یەکسانی، لێبوردەیی و ئاشتی. بە مزگەوتەکانمان، جەمخانەکانمان، کەنیسەکانمان و سیناگۆگەکانمان دەوڵەمەند دەبین. بە ویستی ژنانمان، بە جۆشوخرۆشی گەنجانمان و بە هێزی خەڵکەکەمان گەورە دەبین."
 
بێشتاش هەروەها رووی دەمی دەکاتە ئیستەنبووڵییەکان و داوایان لێدەکات هەموو بەیەکەوە بە هەڵپەڕکێ و هۆرۆن (میوزیکی خەڵکی قەرەدەنیز) دەست بکەنە ملی یەکدی. لە کۆتاییشدا دەڵێت "چاوەڕێی ئێمە بە ئیستەنبووڵ." 
 
رۆژی هەینی 9-2-2024 ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار، هەریەک لە مەرال دانش بێشتاش و موراد چەپنی وەک بەربژێرانی دەم پارتی بۆ پۆستی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستنیشان کران. سیستمی بەڕێوەبردنی شارەوانی لای دەم پارتی هاوسەرۆکایەتییە و بۆ هەر پۆستێک ژنیک و پیاوێک دادەنرێن. 
 
مەرال دانیش بێشتاش، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە و موراد چەپنیش پێشتر پەرلەمانتاری هەدەپە بوو. 
 
ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند دەم پارتی زۆر لەوە بەهێزترە لەنێوان بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا گۆشەگیر بکرێت، گوتیشی، "ئەمە بڕیارێکە جەماوەری دەم پارتی داویەتی و هەر لە سەرەتایشەوە رامانگەیاند کە خەڵک سەرچاوەی بڕیار دەبن، هەر ئەوانیش بەربژێرەکان یەکلایی دەکەنەوە."
 
21ـی کانوونی دووەمی 2024، باشاک دەمیرتاش نیازی خۆی بۆ بەربژێربوونی بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ خستەڕوو؛ رۆژی 1ـی شوبات بە فەرمی بەربژێربوونی خۆی پێشکێشی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 6ـی شوباتیش کشانەوەی بەربژێربوونی خۆی ئاشکراکرد بۆ رێگەخۆشکردن بۆ بەربژێرەکانی دەم پارتی. 
 
رۆژی 7ـی مانگ، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، کە هەشت ساڵە لە زینداندایە، لەبارەی کشانەوەی هاوژینەکەی لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ گوتی، "تەواوی ئەو پرۆسەیە بە هاوئاهەنگی بەڕێوەچووە و با جەماوەرەکەمان متمانەی تەواویان پێمان هەبێت". 
 
دەمیرتاش راشیگەیاند، "یەکگرتووین و هیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا نییە."
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەدەچێت.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019ـدا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا سێ گەورەشارەوانی، پێنج شارەوانیی شار و 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییوومیان بۆ دانرا.
 
بایۆگرافیی مەرال دانیش بێشتاش:
 
- بەربژێری دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ 
- لە ساڵی 1967 لە مێردین لەدایکبووە 
- سیاسەتڤان و مافناسە
- ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بارۆی ئامەد (سەندیکای پارێزەران) بووە
- ئەندامی سەرکردایەتیی هەدەپە بووە 
- لە ساڵی 2017 لە دۆسیەی کۆبانێدا ساڵێک زیندانیکرا 
- پێنج خول پەرلەمانتار بووە
- بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە لە پەرلەمانی تورکیا 
- خێزاندارە، دایکی کوڕ و کچێکە