شاندێکی دەم پارتی سەردانی جەهەپە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی رۆژی پێنجشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2024 سەردانی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە دەکات. پێشبینی دەکرێت لەو سەردانەدا لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ی ئادار و ئەگەری هاوکاریی نێوانیان لەو هەڵبژاردنەدا گفتوگۆ بکرێت.
 
شاندێکی جەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی 13ی کانوونی دووەمی 2023 سەردانی دەم پارتی کردبوو،  بڕیار بوو هەفتەی رابردوو شاندێكی دەم پارتی سەردانی جەهەپە بکات، بەڵام ئەو سەردانە دواخرا.
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا، شاندەکەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، کاژێر 13:30 خوولەکی رۆژی پێنجشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2024 سەردانی بارەگای جەهەپە دەکەن.
 
بەپێی زانیارییەکان، ستراتیژی دەم پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کە لە 31ی ئاداری 2024 دەکرێت و هاوکاری لەگەڵ جەهەپە و مەرجەکانی ئەو هاوکارییە لەو سەردانەدا تاوتوێ دەکرێن.
 
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە کە ئێستا دەم پارتییە، لە دەرەوەی هاوپەیمانی هەڵبژاردن، لە گەورەشارەکانی تورکیا و بە تایبەتیش لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی جەهەپە کرد. لە هەڵبژاردنەدا بە دەنگی دەنگدەری کورد دوای 20 بەڕێوەبردنی لەلایەن ئاکپارییەوە، جەهەپە گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵی بردەوە.
 
هەرچەندە هێشتا دەم پارتی ستراتیژییەتی خۆی بۆ گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ رانەگەیاندووە، بەڵام هاوسەرۆکانی ئەو پارتە کە زۆرینەی دەنگدەرانی کوردن، جەخت لەوە دەکەنەوە دەنگ بە بەربژێرێک نادەن کە فاشیست و دژەکورد بێت.