ئەردۆغان: لەنێو سەرکردەکانی جیهان تەنیا من و پووتین ماوین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، "لەنێو سەرکردەکانی جیهان تەنیا دوو کەس ماون، من و ڤلادیمێر پوتین. هەموو ئەوانی دیکە لەنێوچوون."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رۆژی یەکشەممە، 8-12-2024، لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان بەشداری لە بەرنامەی "دیدار لەگەڵ گەنجان" کرد، کە لە کتێبخانەی نیشتمانی شاهینبەی بەڕێوەچوو.
یەکێک لە گەنجەکان بە ئاماژەدان بە پەرتووکەکەی ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا بە ناونیشانی "ئازادی. یادەوەرییەکانی 1954-2021" کە تێدا باسی یادەوەریی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان کردووە، پرسیاری ئەوەی کرد کە لە سەرکەوتنی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا قەرزاری چییە؟
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی، ئەو دەربڕینانەی بەرامبەر بە سەرکردە بیانییەکان بەکاردەهێنرێن گرنگن، گوتی "لە پاڵ دەربڕینەکان، درێژەدان بە میکانیزمی دیالۆگ لەگەڵیان زۆر گرنگە. بێگومان ئێمە بەمە دەڵێن هێرشی دیپلۆماسی. درێژەدان بەو هێرشە دیپلۆماسیانە. ئێستاش لە دونیادا لەنێو سەرکردەکانی جیهان تەنیا دوو کەس ماوین، ئێستا من هەم و ڤلادیمێر پوتین هەینئەمە لەبەرئەوە ناڵێم کە منم. باسی دۆخەکە دەکەم. بێگومان ئەم کابرا هەژارە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی 22 ساڵە، بە نزیکەیی ماوەی بەڕێز پوتین ـیش بەهەمان شێوەیە، هەموو ئەوانی دیکە لەنێوچوون. ئێستا بێگومان قۆناخەکە بەردەوامە."
هەروەها گوتی "ئاواتی ئێمە ئەوەیە؛ لە چوارچێوەی ئەم دیالۆگەدا بەردەوام بین لە پاراستنی ئەو پەیوەندیانە. مێرکڵ لە سیاسەتی ئەڵمانیادا جێگەیەکی تایبەتی هەبوو. دوای رۆیشتنی مێرکڵ، سیاسەت لە ئەڵمانیا کۆتایی هات. زۆر سەرنجڕاکێشە. بەڵام من لە ئەڵمانیا سەرکردەیەک هەیە کە ستایشی دەکەم و تەنانەت خۆشم دەوێت شرۆدەرە. رێزی شرۆدەر بۆ ئێمە زۆر زۆر جیاواز بوو و بەڕاستی سەرکردەیەکی باش بوو."
ئەردۆغان لەبارەی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەدا، "جیهان بەرەوە شوێنێکی زۆر جیاواز دەڕوات، هەر بۆیە 2-3 مانگی داهاتوو، بۆ ئێمە زۆر گرنگە."