پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە ئازاد کرا
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێكی پێشووی هەدەپە، کە پێشتر بەهۆی نەخۆشیی ئەلزەھایمەر (لەبیرچوونەوە) لە زیندان ئازاد کرابوو، رۆژی چوارشەممە دەستگیرکرا و دوای وەرگرتنی گوتەکانی لە دادگە، ئازاد کرایەوە.
ئایسەل توغڵوک، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە کە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، ساڵی رابردوو بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە سزاکەی دواخرا و ئازاد کرا، رۆژی چوارشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2023 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لە دۆسیەیەکی ساڵی 2012دا دەستگیرکرایەوە.
توغڵوک کە تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بووە، دوای دەستگیرکردنی برایە 24ەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ. لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەو بابەتە و ئەو رووداوەی ئاماژەی پێکراوە لەبیری نییە و ئەو کەسانە ناناسێت کە لە دۆسیەکەدا ناویان هاتووە.
دوای ئەو گوتانە، دادگە بڕیاری دا فەرمانی دەستگیرکردنی ئایسل توغڵوک هەڵبوەشێنێتەوە و جارێکی دیکە ئازادی کرد.
ئایسەل توغڵوک لە 22ی ئاداری 2021ـدا، دوای پشکنینی لەلایەن پێنج پزیشکی پسپۆڕی جیاواز لە نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی کۆجائەلی تورکیا، دەستنیشان کرا کە تووشی نەخۆشیی ئەلزھایمەر بووە و ناتوانێت بە تەنیا لە زیندان بمێنێتەوە.
بۆ دواخستنی سزاکەی و ئازادکردنی لە زیندان، لە 14ی کانوونی دووەمی 2022 لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەمپینێکی کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکرد. رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2022 بە بڕیاری دادگە ئازاد کرا.
ئایسەل توغڵوک، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە ساڵی 1965 لە خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە 2016وە لە زیندانی کۆجائەلی بەند کرابوو و لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگایی دەکرێت.