لە تورکیا داوای هەڵوەشاندنەوەی 'یاسای ئەخلاقی رۆژنامەڤانی' دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەندیکای رۆژنامەڤانی تورکیا و کۆمەڵەی رۆژنامەڤانی تورکیا دوو سکاڵای جیاوازیان تۆمارکردووە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی "یاسای ئەخلاقی رۆژنامەڤانی" دەکەن. 
 
ئەو دوو رێکخراوە رۆژی پێنجشەممە 8ی ئەیلوولی 2022، لە فەرمانگەی دەیەمی ئەنجوومەنی دادوەری لە ئەنقەرە دوو سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی "یاسای ئەخلاقی رۆژنامەڤانی" تۆمار کرد.
 
سەندیکای رۆژنامەڤانی تورکیا و کۆمەڵەی رۆژنامەڤانی تورکیا دەڵێن، ئەو یاسایە کە لە 27ی مایسی 2022 دەرکراوە و لە شەشی تەمموزی 2022 ـەوە کاری پێدەکرێت، پێچەوانەی دەستوورە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. لە یاساکەدا بڕگەی ناڕوون هەن و "دامەزراوەی ریکلامی رۆژنامەڤانی" لە رێگەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانیەوە بە پشتبەستن بەو یاسایە، ئازادیی رۆژنامەگەری پێشێل دەکات، بەوهۆیەوە سکاڵایان تۆمارکردووە. 
 
لە داواکارییەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، لە کاتێکدا دامەزراوەی ریکلامی رۆژنامەڤانی بەرپرسیارە لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی ریکلامەکان، بەڵام لە رێگەی سزاکانی بڕینی ریکلامەکان و بەتایبەتیش گوشار خستنە سەر میدیای ئۆپۆزیسیۆن، بووەتە ئەکتەری ئەو گوشارەی کە حکومەت دەیخاتە سەر ئۆپۆزیسیۆن. 
      
"یاسای ئەخلاقی رۆژنامەڤانی" دەقی رێککەوتنێکە کە بنەمایەکی یاسایی نییە، ئەو رۆژنامەڤانانەی کاری رۆژنامەگەری دەکەن پەسندیان کردووە و پێوەی پابەندن. بێجگە لەو دەقە، دەقێکی دیکە بە ناوی، "بنەماکانی ئەخلاقی رۆژنامەڤانی" هەیە کە لەلایەن دامەزراوەی ریکلامی رۆژنامەڤانییەوە دیاریکراوە، دەقێکی پابەندکەرە و بنەمای یاسایی هەیە. 
 
تورکیا لە 14ی شوباتی 1952دا بنەماکانی دامەزراوەی چاپەمەنیی نێودەوڵەتی پەسندکرد. کۆمەڵەی رۆژنامەڤانی تورکیا دەقێکی بە ناوی "جاڕنامەی ماف و بەرپرسیارێتی رۆژنامەڤانی تورکیا" ئامادەکرد. ئەم دەقە لە رێوڕەسمێکدا کە لە 24ی تەممووزی 1960 بە دەستپێشخەری هاوبەشی کۆمەڵەی رۆژنامەڤانی تورکیا و سەندیکای رۆژنامەڤانی تورکیا سازکرا، لەلایەن رۆژنامەڤانان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی پەخشەوە واژۆی لەسەر کراوە. 
 
بەشێک لە بڕگەکانی یاسای ئەخلاقی رۆژنامەڤانی لە تورکیا
 
- ناتوانرێت پیشەی رۆژنامەڤانی بۆ بەرژەوەندیی کەسیی و بە زیانی خەڵک بەکاربهێندرێت.
 
- ناتوانرێت هیچ پەخشێکی قێزەون و پێچەوانەی ئەخلاق دروستبکرێت.
 
- نابێت پەخشی ناڕەوا دژ بە شەرەف و کەرامەت بکرێ و بوختان بۆ تاک و دامودەزگاکان هەڵبەسترێت.
 
- نابێت سووکایەتی بە ئایین بکرێت.
 
- هەواڵەکان بەبێ ئەوەی دڵنیابن لە دروستییەکەی بڵاوناکرێنەوە.
 
- ئەو بۆچوونانەی کە لایەنگری دەکەن نابێت لە دەقی هەواڵەکاندا هەبن. 
 
- ئەو زانیاریانەی کە بەمەرجی بڵاونەکردنەوە پێشکێش دەکرێن، ناتوانرێت بڵاوبکرێنەوە.
 
- ئەو بەدرۆخستنەوانەی بەهۆی بڵاوکراوە هەڵەکانەوە دەنێردرێن، بە زووترین کات بڵاودەکرێنەوە.