پارێزەرەکەی: دەمیرتاش لەسەر توویتێک بە تاهەتایی سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، هۆشداری دەدات کە رەنگە دەمیرتاش و هاوڕێیەکانی تاهەتایە زیندانی بکرێن.
رۆژی چوارشەممە 9ی ئابی 2023، پرۆسەی دادگاییکردنی 18 تۆمەتبار لە کۆی 108 تۆمەتباری دۆسیەی رووداوەکانی رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 کە بە رووداوەکانی کۆبانێ ناسراوە، لە 22ـەمین هۆبەی دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بە ئامادەبوونی بەشێک لە تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان بەڕێوەچوو.
سەڵاحەددین دەمیرتاش بە ئۆنلاین لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنە بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد. جەمالەدین شیمشەک، داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە سەبارەت بە رووداوەکانی کۆبانێ، داوای زیندانی حەوت جار تاهەتایی قورسکراو بۆ 18 تۆمەتبار کرد، لەوانەش سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە.
مەحسوونی کارامان، کە پارێزەری دەمیرتاشە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) هۆشداری دەدات بەوەی "بەهۆی توویتێکی رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2014، هەریەک لە سەڵاحەددین دەمیرتاش و هاوڕێیەکانی، لانیکەم بە حەوت جار زیندانی تاهەتایی سزا دەدرێن. تکایە بێدەنگ مەبن، بەڕاست سزا دەدرێن".
دوای ئەوەی داعش لە هاوینی ساڵی 2014 هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد، رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2014، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە داوای لە خەڵک کرد، بڕژێنە سەر شەقامەکان. هەدەپە لە هەژماری فەرمیی توویتەریدا، بەمشێوەیە بانگەوازەکەی بڵاوکردەوە "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە بانگەوازێک ئاراستەی خەڵک دەکات. دۆخی کۆبانێ زۆر ناسەقامگیر و هەستیارە. بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەهۆی هێرشەکانی داعش و ئابڵۆقەی ئاکپارتی بۆ سەر کۆبانێ، داواتان لێدەکەین بڕژێنە سەر شەقامەکان و بەتوندی پشتیوانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکە بکەن".
دوای ئەم تویتە، لە 35 شار و 96 شارۆچکەی باکووری کوردستان و تورکیا خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند. گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 51 سڤیل و پۆلیس کوژران، 761 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و 197 قوتابخانە و 265 دامەزراوەی حکومی سووتێندران. هەروەها 1731 باڵەخانە، خانوو، شوێنکار تاڵانکران و سووتێندران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە، دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگا خرانە زیندانەوە.