بۆ یەکەمجار ژنێک بووە سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
حافیزە گایە ئەرکان کرایە سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا، کە دەبێتە یەکەم ژن لە مێژووی 100 ساڵەی کۆماری تورکیادا ئەو پۆستە وەربگرێت.
بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی تورکیا لە پۆستەکەی لادرا و لە شوێنی ئەو، حافیزە گایە ئەرکان، وەک سەرۆکی نوێی بانکەکە دەستنیشانکرا.
بڕیارنامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار سەبارەت بە گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 9ی حوزەیرانی 2023 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە.
حافیزە گایە ئەرکان، سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی تورکیا کە بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەمریکا بەدەستهێناوە و لە کەرتی دارایی ئەمریکادا کاری کردووە، لەسەر داواکاری محەممەد شیمشەک وەزیری نوێی دارایی و خەزێنەی تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە ئەو پۆستەی پێدراوە.
حافیزە گایە ئەرکان-ی تەمەن 41 ساڵ لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین ژنە بکرێتە سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا. هاوکات، شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی تورکیا، کرایە سەرۆکی دەزگای رێکخستن و چاودێری بانکەکان.
حافیزە گایە ئەرکان لە ساڵی 1982 لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە. بەشی ئەندازیاریی پیشەسازی لە زانکۆی غازئیچی تەواو کردووە، دکتۆرای ئەندازیاری دارایی لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمریکا بەدەستهێناوە، لە بانکی وەبەرهێنانی فرەنەتەوەیی ئەمریکی گۆڵدمان ساکس کاری کردووە و لە ساڵی 2009 بووەتە جێگری سەرۆکی باڵای بانکی کۆماری یەکەم و سەرۆکی وەبەرهێنان و هاوسەرۆکی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان بووە لەو بانکەدا.
گایە، سەرۆک و هاوبەشی بەڕێوەبەری جێبەجێکار و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی بانکی کۆماری یەکەم بووە، گەنجترین بەڕێوەبەری جێبەجێکار بووە لەنێو دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکادا و لە ساڵی 2019 ناوی لە لیستی ژنانی دیار لە بواری بانکی و دارایی ئەمریکادا بووە.