لە تورکیا بەهای لیرە دابەزی و نرخی سووتەمەنی بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە زیاتر دابەزی و ریکۆردێکی نوێی تۆمارکرد. دوای دابەزینی بەهای لیرەش، نرخی گازوایل یەک لیرە و 37 قروش و غازی ئۆتۆمبێلیش 67 قروشی خرایەسەر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 9ـی حوزەیرانی 2023، بەر لە کرانەوەی بۆرسەکانی تورکیا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 23.64 لیرە و یەک یۆرۆ بە 25.73 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2023 لە کاژێر 10:30ـی سەرلەبەیانی لە بۆرسەکانی تورکیا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 23.41 لیرە و دواتر لە 23.36 جێگیر بوو، هەروەها یەک یۆرۆ بە 25.60 لیرە مامەڵەی پێوەکرا و دواتر لە 25.22 جێگیر بوو. ئەمە لە کاتێکدایە ناسەقامگیری لە بەهای لیرە هێشتا بەردەوامە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار یەک دۆلار بە 19.57 لیرە بوو بەر لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش یەک دۆلار بە 19.97 لیرەی مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام دوای هەڵبژاردن و دەرچوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆککۆماری تورکیا، بەهای یەک دۆلار بۆ سەرووی 20 لیرە بەرزبووەوە.
محەممەد شیمشەک، وەزیری نوێی دارایی و گەنجینەی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2023 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند، کاری هەرە لەپێشینەیان دامەزراندنی تیمی پسپۆڕی متمانەپێکراو و شارەزایە کە لە رێگەی ئەو تیمەوە بەرنامەیەکی تۆکمە و بەهێز دادەڕێژن بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخی دراوی خۆماڵی بکەن.
شیمشەک لە رێوڕەسمی لەئەستۆگرتنی وەزارەتەکەی لە سەرەتای هەفتەی رابردوو کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "تورکیا هیچ بژارەیەکی نەماوە جگە لە گەڕانەوە بۆ بنەمایەکی عەقڵانی."
دوای دابەزینی بەهای لیرە، ئەمڕۆ هەینی نرخی لیترێک بەنزین دوو لیرە و 70 قروش، گازوایل یەک لیرە و 37 قروش و غازی ئۆتۆمبێل 67 قروشی خرایەسەر.
دوای ئەم بەرزبوونەوەیە، نرخی یەک لیتر بەنزین لە ئیستەنبووڵ گەیشتە 23.99 لیرە، لە ئەنقەرە 24.36 لیرە و لە ئیزمیر 24.38 لیرە. هەروەها نرخی گازوایل لە ئیستەنبوڵ نزیکەی 22.16 لیرەیە، لە ئەنقەرە 22.56 و لە ئیزمیر 22.67 لیرەی تورکییە.
نرخی یەک لیتر غازی ئۆتۆمبێل لە ئیستەنبووڵ بۆ 10 لیرە و 10 قروش، لە ئەنقەرە بۆ 10 لیرە و 67 قروش و لە ئیزمیر بۆ 10 لیرە و 52 بەرزبووەتەوە.