کڵچدارئۆغڵو: مافیا باڵی سێیەمی هاوپەیمانیی ئاکپارتی و مەهەپەیە
رووداو دیجیتاڵ
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند چەندین کێشە لە سیستمی بەڕێوەبردنی تورکیادا هەیە و ئێستا روون و ئاشکرایە کە ناکرێ وڵات لەلایەن یەک کەسەوە بەڕێوەببرێت. سەرۆکی جەهەپە هەروەها دەڵێت ئەردۆغان وەزارەتی دەرەوەی تورکیای ناچالاککردووە.
کڵچدارئۆغڵو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بە چارەسەر بۆ حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی وڵات دەزانێت و دەڵێت: "کێشەی جیددیمان لە سیستمدا هەیە. پێویستە چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەوان نایانەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن. ئیدی بۆگەنێکی زۆر هەیە، لە نێو دەوڵەتدا توانا نەماوە. کاتێک سەیری دەوڵەت دەکەین دەبینین چەند گرووپێک لایەنگر هەن کە بەرژەوەندیی خۆیانیان کردووەتە بنەما. لەسەر هەموو ئەمانەش دەرکەوت کە مافیا باڵی سێیەمی هاوپەیمانیی جمهوورە. جا تاکەڕێگە بۆ دەربازبوون لەم هەموو پیسی و بۆگەنە هەڵبژاردنە".
هەروەها لەبارەی ڤیدیۆکانی سێدات پێکەر کە لە تورکیا بە سەردەستەی مافیا دەناسرێت و ئێستا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی سەرنجڕاکێش و نهێنیی بەرپرسانی دەوڵەت و بازرگانان، کڵچدارئۆغڵو گوتی: "لەکاتێکدا ئەم هەموو بانگەشە قورسە هەیە، پێویستە داواکاری گشتی دەست بە لێپرسینەوە بکات. بەڵام ئەوەتا بەرپرسانی ئاکپارتی گوتە و بانگەشەکان رەتیشناکەنەوە و ناڵێن ئەمە درۆیە".
سەرۆکی جەهەپە هەروەها رایگەیاند هاوپەیمانیی جمهوور 'ئاکپارتی و مەهەپە' باڵی سێیەمیشی هەیە کە مافیایە.
ئەم گوتانەی کڵچدارئۆغڵو لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا باسی لەوەکرد نایانەوێ گوتە و بانگەشەکانی کەسێکی دەرەوەی سیاسەت ببەنە نێو پەرلەمان و پلاتفۆرمە سیاسییەکانەوە.