دوایین پێشڤەچوون لە پێڤاژۆی ئاشتی دا؛ ئۆجەلان ئازاد دەکرێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی شەممە شاندی دەم پارتی سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکەن کە لە گرتووخانەیە. رۆژی دواتریش دەچنە لای فیگەن یوکسەک داغ. 
 
لە سەردانەکەدا، شاندەکە پەیامەکەی ئۆجەلان لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە شەن و کەو دەکەن و بۆچوون و پێشنیازی ئەوان بۆ قۆناخەکە وەردەگرن. بە تایبەت بۆچوونی دەمیرتاش لەسەر ئەو پێڤاژۆیە تازەیە، چونکە ئۆجەلان لە دیداری ئیمراڵیدا بە شاندەکەی دەم پارتی گوتبوو دەمیرتاش لە چەقی ئەم پێڤاژۆیەدایە. پەروین بوڵدان، ئەحمەد تورک و سڕی سوڕەیان ئۆندەر دواتر بۆ جاری دووەم دەچنەوە ئیمراڵی.
 
لە سەردانی دووەمیان دا بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان شاندەکەی دەم پارتی بۆچوون و پێشنیازی پارت و لایەنەکان دەخەنە بەردەم عەبدوڵڵا ئۆجەلان. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی دیداری دووەمی ئیمراڵی دا عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی رۆشنتر و فراوانتر بەراورد بە پەیامی یەکەمی بداتە شاندەکەی دەم پارتی.
 
ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت لە پەیامی دووەمی ئۆجەلان دا بڵاوبکرێتەوە، پرسی بانگەوازی چەک دانانە. ئەحمەد تورک گوتبووی رەنگبێت لە دووەم یان سێیەم دیداری ئیمراڵی دا ئۆجەلان بانگەوازێکی وەها بکات، بەڵام ئەمانە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە و تەنیا دەنگۆن.
 
لەلایەکی دیکەوە غالیب ئەنساڕ ئۆغڵوی پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد بانگەشەی ئەوەی کردبوو رەنگبێت بەر لە نەورۆزی ئەم ساڵ پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان بڵاوبکرێتەوە، ئەگەر هاتوو لە رۆژی نەورۆز نەبێت.
 
هەرچی پەیوەستە بە لایەنی دەسەڵاتەوە، سەبارەت بەم پێڤاژۆیە، تاوەکو ئێستا ناوێکی فەرمی لێ نەنراوە، باس لە دەرکردنی لێبووردنێکی گشتی دەکرێت. لێبووردنێک هێشتا دیار نییە ئەگەر دەربکرێت چۆن و کەی دەبێت و کێ و کێ دەگرێتەوە. ئەمە هێشتا گفتوگۆی لە بارەوە دەکرێت و ئەوەی دەگوترێت تەنیا بانگەشەیە، بەڵام رەنگبێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی لە کاژێر 4:30 خولەک، یەکێک لەو پرسانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت دیدارەکانی ئیمراڵی و لێبووردنی گشتی و چەند بابەتێکی تایبەت بەو پرسە بێت.
 
ئەو قۆناخە زۆر بەخێرایی دەچێتە پێش، بە شێوەیەک لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوو بە (تاقە مەرج چەک دانانە) دەستی پێکرد و ئێستا گەیشتووەتە ئەوەی (تاقە مەرج بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان). واتە کورت و پوخت پرسەکە تا ئێستا بلەز دەچتە پێش و هەموو ئەگەرێک لەلایەن هەردوو لاوە کراوەیە. بە تایبەت یەکێک لە پرسەکان کە تایبەتە بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
 
پرسی ئازادکردنی ئۆجەلانیش دیسان وەک بانگهێشتکردنەکەی بۆ پەرلەمان لە زاری مەهەپەوە دەرچوو، جا لە جێگری سەرۆکی پارتەکەوەش نەک ئەندامێکی ئاسایی. فەتی یڵدزی جێگری دەوڵەت باخچەلی دەڵێت: "گەر راپۆرتێکی داد پزیشکی هەبێت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت پێویستییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەوە بە پێی یاسا ئازاد دەکرێت. جێگری سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، ئەو یاسایە بۆ هەموو گیراوێکی زیندانی هەتا هەتاییش راستە.