پار 2713 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

داتای ساڵی رابردووی رووداوەکانی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکرانەوە، زیاتر لە 2700 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 390 هەزار کەسیش بریندار بوون.
 
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ و ئاسایشی تورکیا، پار لە تورکیا و باکووری کوردستان 623 هەزار و 148 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 2713 کەس گیانیان لەدەستداوە و 388 هەزار و 644 کەسیش برینداربوون.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکانیش، بەڕێوەبەرایەتییەکە روونیکردووەتەوە، 105 هەزار و 783 لەو رووداوانە بەهۆی خێرایی لێخوڕینەوە بووە، لە زۆربەی رووداوەکاندا شۆفێر هۆکار بووە.
 
پار لە ئیستەنبووڵ زۆرترین رووداوی هاتووچۆ روویداوە، کە 97 هەزار و 354 رووداو بووە. ئەنقەرە بە 86 هەزار و 401 رووداو و ئیزمیر بە 40 هەزار و 549 رووداو لە پلەی دووەم و سێیەمدا دێن.
 
ئەو پارێزگایانەی کەمترین رووداوی هاتووچۆیان تێدا روویداوە بریتین لە بایبورتی تورکیا کە تەنیا 367 رووداوی هەبووە، لە دێرسیمی باکووری کوردستان 422 رووداو و ئەردەخانی باکووری کوردستانیش 420 رووداوی هاتووچۆیان تێدا روویداوە.