رۆژنامەیەکی تورکی: شام بڕوخێ، کوردستان دادەمەزرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەشێکی رۆژنامەکانی تورکیا، لە مانشێتەکانیان تیشکیان خستووەتە سەر رووداوەکانی سووریا و یەکێکیان ئاماژەی بە قسەی سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن کردووە و نووسیویەتی "شام بڕوخێ، کوردستان دادەمەزرێت." بەشێکیشیان نووسیویانە ئەو دۆخە لە بەرژەوەندیی کوردە لە سووریا.
 
"تورکیا ناتوانێت چاوەکانی بەڕووی سووریادا دابخات"
 
رۆژنامەی سەباح ئەمڕۆ (یەکشەممە، هەشتی کانوونی یەکەم) لە مانشێتەکەیدا نووسیویەتی، "تورکیا ناتوانێت چاوەکانی بەڕووی سووریادا دابخات".
 
رۆژنامەکە  ئاماژەی بە گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوە کە رۆژی شەممەی گوتی، دۆخێکی جیاوازی سیاسی و دیپلۆماسی لە سووریا بەدی دەکرێت، پێویستە هەموو سووریاییەکان بڕیار لە چارەنووس و داهاتووی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە چاوەیان لە پارچە بەردێکی هیچ وڵاتێک نییە.   
 
"شام بڕوخێ، بە ناو کوردستان دادەمەزرێ"
 
رۆژنامەی ئایدنڵک، کە رۆژنامەیەکی نەتەوەپەرستەکانی تورکیایە، نووسیویەتی "شام بڕوخێ، بە ناو کوردستان دادەمەزرێ"
 
رۆژنامەی ئایدنڵک گوتەکانی دۆغو پەرینچەک سەرۆکی پارتی وەتەن ـی کردووەتە مانشێت کە دەڵێ، "شام بڕووخێ، بەناو کوردستان دادەمەزرێ." 
 
پەرینچەک ئاماژەی بەوەداوە، لە قۆناخێکی مێژووییدا دەژین، کە پێویستە هەموو کەسێك لەبەرەی جەنگدا بێت. ''کاتێک سینگمان بکەین بە قەڵخان بۆ شام، دەبین بە قەڵخان بۆ تورکیا و دیاربەکر. هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە دابەشبوونی سووریا، هەڵوێستی دەرچوونە نیشتمانپەروەری تورکە لە تاقیکردنەوە." 
 
"براوەی یەکەم پەکەکە بوو"
 
"براوەی یەکەم پەکەکە بوو" مانشێتی رۆژنامەی میللی ـیە. 
 
رۆژنامەکە نووسیویەتی، "لە سووریا لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دووەمدا لە کاتێکدا ئۆپۆزیسیۆن بەخێرایی بەرەو شام پێشڕەوی دەکات، لە چاوترووکاندنێکدا پەکەکە ـش بووە خاوەنی گەورەترین خاکی ئەو وڵاتە. لە کاتێكدا رژێمی سووریا بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی وڵات دەکشێتەوە، ئەو ناوچانەی رادەستی کردوون لەلایەن پەکەکە/یەپەگەـەوە داگیر دەکرێن. 
 
لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا رۆژنامەکە نووسیویەتی، لەکاتێکدا ئەمریکا پابەند نەبوو بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی گرژییەکان، سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پاڵپشتی دەستوەردانی کرد، لە منبج هێرشی کردە سەر پەکەکە/یەپەگە کە بۆشایی رژێمی بە هەل زانی. 
 
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ و 24 ساڵ لە دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەد، ئەمڕۆ بەشێکی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد"ـیان راگەیاند.