ئەردۆغان: ترەمپ بەڵێنی داوە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بوەستێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، هیوادارن لە ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت. ئاماژە بەوەش دەکات، "وەستاندنی پێدانی چەک لەلایەن ترەمپەوە بۆ ئیسرائیل دەستپێکێکی باش دەبێت."
 
رۆژی هەینی 08-11-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە هەنگاریا و کیرگیزستان، لەنێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
ئەردۆغان گوتی، جێبەجێکردنی هەمان سیاسەتەکانی جۆ بایدن، گێژاوەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات، "هیوادارین لە دووەمین خولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وەستاندنی پێدانی چەک بە ئیسرائیل لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دەستپێکێکی باش دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین و لوبنان، "ترەمپ بەڵێنی داوە کۆتایی بەو شەڕ و پێکدادانە بهێنێت کە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەستی پێکردوون."
 
ئەردۆغان پێیوایە سەرۆکایەتیکردنی ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت و دەڵێت، "هیوادارین لە دووەمین خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت."
 
رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 کەتائیبی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەسی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت. لە وەڵامی ئەوەدا سوپای ئیسرائیل هێرشی فراوانی لە ئاسمان و زەوییەوە بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، 41 هەزار و 909 کەس کوژراون و زیاتر لەو 97 هەزار کەسی دیکە برینداربوون؛ هەروەها 92%ی ‌غەززە خاپوور بووە و نزیکەی 2.4 ملیۆن دانیشتووی ئەو کەرتە ئاوارە بوون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 70%ی کوژراوەکانی غەززە ژن و منداڵن.