ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەیووم: ئەوەی پۆستەکەی خراپ بەکاربهێنێت، باجەکەی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بەدەستهێنانی پۆستی شارەوانی، ماف بە سەرۆکەکەی نادات لەگەڵ ئەو کەس و رێکخراوانەدا دەست تێکەڵبکات کە حکومەت وەکو تیرۆریست پۆلێنیان دەکات. هۆشدارییش دەدات، "ئەوەی پۆستەکەی بە خراپی بەکاربهێنێت، باجەکەی دەدات."
رۆژی هەینی 08-11-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە هەنگاریا و کیرگیزستان، لەنێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان لەبارەی دانانی قەیووم بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان گوتی، "ئێمە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتمان: بەدڵنیاییەوە ئەوەی شایستە بێت، لە پۆستەکەی دەبێت، بەڵام ئەوەی شایستە نەبێت و پۆستەکەی بە خراپی بەکاربهێنێت، باجەکەی دەدات."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، تیرۆر، دیموکراسی و سیاسەتی مەدەنی لەسەر هەمان کورسی شوێنیان نابێتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵبژێردران مافی ئەوە بە کەس نادات لەگەڵ تیرۆر دەست تێکەڵ بکات."
بەیانیی رۆژی دووشەممە 04-11-2024 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ گەورەشارەوانیی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی شارۆچکەی خەلفەتی سەر بە پارێزگای رووها ـی باکووری کوردستان دانرا.
بەگوێرەی بڕیارەکە، تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین لە شوێنی ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین دانرا؛ ئەکرەم جانئاڵپ، پارێزگاری ئێلیهـ لە شوێنی گوڵستان سۆنوک، هاوسەرۆکی شارەوانیی ئێلیهـ بە قەیووم دانرا؛ هەروەها لە شوێنی محەممەد قەرەیلان، هاوسەرۆکی شارەوانیی خەلفەتی، هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی خەلفەتی دانرا.
ئەو سێ شارەوانییەی قەیوومیان بۆ دانرا لە لایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)یەوە بەڕێوەدەبران.