شارەوانیی ئیستەنبووڵ کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە پەیمانگەی ئیستەنبووڵ، داواکاری بۆ کۆرسی زمان و پیشە دەستیپێکردووە. لە بەرنامەکەیاندا کۆرسی زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری زازاکی و کورمانجی هەیە و ئەوانەی دەیانەوێت فێری زمانی کوردی بن دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.
 
پەیمانگەی ئیستەنبووڵ، کە سەر بە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە سەرتاسەری ئەو پارێزگایە لە 150 سەنتەردا کۆرسی جیاواز پیشەیی و پەروەردەیی دەکاتەوە. خوێندن و فێربوون لەو سەنتەرانە بۆ ئەم وەرزە نوێیە ئەکادیمییە دەستیپێکردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 4ـی ئەیلوولەوە داواکاری بۆ کۆرسی زمانی کوردی دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
کۆرسی شێوەزاری زازاکی 23ـی ئەیلوولی 2023 دەستپێدەکات و لە شوباتی 2024 کۆتایی دێت.
 
هەروەها خولی ئاستی A1 ـی شێوەزاری کورمانجی لە 20ـی ئەیلوول دەستپێدەکات و تاوەکو 15ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەردەوام دەبێت.
 
بۆ ئەمساڵ لەو کۆرسانەدا 20 کورسی بۆ شێوزارەکانی کورمانجی و زازاکی زمانی کوردی دەستنیشانکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بەپێی داواکارییەکان ژمارەی کورسییەکان زیاد بکات.
 
لەکۆتایی هەر خولێکدا بڕوانامەیەکی فەرمی، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی تورکیاوە پەسند کراوە، دەدرێتە بەشداربووانی خولەکە و ئەمەش خواستی لەسەر ئەو خولانە زیاتر کردووە بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا.